ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٣١ـی٧ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان.
هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پەرۆشی و هەوڵەکانی مامۆستا عەلی باپیری کرد بۆ پشتیوانیکردن لە یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوکات دڵنیاییدایە بەڕێزیان و ڕایگەیاند؛ هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت.
 لاهور شێخ جەنگی وتیشی “هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن”.
لای خۆیەوە سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی کرد کە بە شێوەیەکی زۆرباش مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و توانیویەتی هاوسەنگی بپارێزێت.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت و بە یەکدەنگی پشتیوانی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکەن.