لەدوای بارینی باران لە چەند ناوچەیەکی هەرێم، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا سبەینێ یەکشەممە جارێکیتر لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت و هەورەبروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، “لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی کوردستانی باکور لەسەر ناوچە سنوریی و شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان سبەی یەکشەمە 1ی ئاب لە کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری بارانبارین و چالاکبوونی ھەورە بروسکە دەبێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دواتر بەشێوەیەکی لاوازتر کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی سنوری دەڤەری راپەرین و پارێزگای سلێمانی دەبێت.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ” بەشێوەیەکی گشتی بۆ سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان ئاسمان زیاتر نیمچە ھەور دەبێت و ئەگەری بارانبارین لاواز دەبێت لە حاڵەتێکیشدا بەشێوەی چاوەروان نەکراو باران ببارێت ئاساییە.”
ڕوونیشیکردووەتەوە، “رێژەی بارانبارینەکە لەناوچە شاخاویەکاندا دیاری نەکراو دەبێت بەجۆرێک لەھەندێ ناوچە دەرفەتی نمە باران دەبێت و لەھەندێ ناوچەش تاوە بارانی بەخوڕ بە ھەورە بروسکەوە چالاک دەبێت .
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکردووە، “پلەکانی گەرما بەگشتی بە جێگیری دەمێنێتەوە لە سەنتەری پارێزگاکان لەنێوان 41 بۆ 44 پلە دەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان لەنێوان 45 بۆ 46 پلەدا دەبێت و لەو ناوچانەی بارانی بەخور دەبارێت پلەی گەرما بەرێژەی 4 تا 5 پلە نزمتر دەبنەوە بۆ خوار ئاستی پێشبینیکراو.”