سنورمیدیا
 
دوای فەرمانی دەستگیركردنی د.میران محەمەد، عەشیرەتی میراودەلی بەشێكیان پشتگیری دەكەن و بەشێكیان پشتگیری ناكەن، بەشێكیان پێیان وایە غەدری لێكراوە و بەشەكەی دیكەش پێشان وایە دەبێت یاسا سەروەربێت.
 
ڕۆژی 30-7-2021، بەتۆمەتی گەندەڵی لە پۆستی بەڕێوەبەری پێشووی تەرندروسی سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ د.میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەركرا.
 
شەوی ڕابردوو دوو بەیاننامەی جیاواز لە لایەن عەشیرەتی میراودەلی، كە د.میران محەمەد، كەسێكی دیاری ناو ئەو عەشرەتەیە بڵاوكرایەوە.
 
لە بەیاننامەی یەكەمدا كە پشتیوانی د.میران كراوە تێیدا هاتووە” ئێمە وەکو عەشیرەتی میراودەلی و خزمان و دۆستانی ناوچەی پشدەر و بیتوێن پشتیوانی تەواوی بەرێز دکتۆر میران دەکەین وە ئەم هەنگاوە نادروستەی کە (یەکێتی) گرتوویە تەبەر بەرامبەر (د.میران) کارێکی ناتەندروستە و وەکاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سیاسەتی یەكێتی و ئایندەی یەكێتی”.
 
هەر لەو بەیاننامەیەدا داواكراوە“بەزوترین کات ئەم کێشەیە ڕاست بکەنەوە وە بە پێچەوانەوە هەڵوێستی تر رادەگەیەنین”.
 
 
دوای چەند كاتژمێرێك بەیاننامەی دووەمی عەشیرەتی میراودەلی بڵاوكرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە كە بەیاننامەی یەكەم بۆچوونی عەشیرەتەكەیان نییە و دەشڵێن”کەسانێک هەڵساون بەناوی عەشیرەتەکەمانەوە لە چوارچێوەی حزبێکی دیاری کراودا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە بۆ پاڵپشتی کەسێکی دیاری کراو ، کە ئەم ڕاگەیەنراوە هەرگیز تەعبیر له بیروڕای گشتی عەشیرەتەکەمان ناکات و بەڵکو کەسانێکی دیاری کراون بۆ بەرژەوەندی کەسی ئەمەیان کردووە”.
 
ئاماژە بەوەشكراوە عەشیرەتی میراودەلی نابێتە لایەنگری هیچ گروپێك و دەڵێن”ئێمه نابینە تەڕەفگیری کێشەی نێوخۆیی هیچ لایەنێک و بەکارهێنانی ناوی عەشیرەتەکەمان لەم نێوەندەدا قەبوڵ ناکەین ، هەرگیز پشتیوانی گەندەڵی و نادادی و کاری نەشیاو ناکەین هەرکەسێک ئەنجامی دابێت ، پێویستە یاسا و ڕێساکان و دادگاکان هەڵسن بە ئەرکی خۆیان و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا و هیچ عەشیرەتێک نابێت ببێتە بەربەست لەبەردەم کاری باش بە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و کاری نەشیاو”.
 
كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تادێت زیاتر قوڵ دەبێتەوە، دیاریش نییە قوڵ بوونەوەی كێشەكان دەبێتە هۆی زۆربوونی ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكان یان پێچەوانە دەبێت.