ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی تیرۆركردنی ژنە چالاكوانێكی كورد، سزا بەسەر ڕێكخراوێكی چەكداری سوری دا دەسەپێنێت، نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكانیش دەڵێت كوشتنی هەڤرین خەلەف تاوانی جەنگە.
“ئەحرار ئەلشەرقییە” ناوی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوەیە كە ئەمریكا بەهۆی تیرۆركردنی هەڤرین خەلەف ژنە چالاكوان و سیاسی كورد سزای بەسەردا سەپاندوون، سزاكان دوو كەسایەتیش دەگرێتەوە كە تۆمەتبارن بە هاوكاریكردنی ئەو توندڕەوانە، یەكێك لەو كەسانە ئێستا لە توركیا نیشتەجێیە، پێنج بەرپرسی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش لە كوژرانی ئەو كچە كوردە تێوەگلاون بەڵام هەر پێنجیان لە زیندانەكانی حكومەتی سوریادان.
تیرۆركردنی هەڤرین خەلەف لەلایەن ڕێكخراوی ئەحرار ئەلشەرقییە بەر لە دوو ساڵ بوو، كاتێك سوپای توركیا هێرشیكردە سەر ناوچە سنوریەكانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و بەشێك لەو ناوچانەی داگیركرد.
بەوتەی شایەتحاڵەكان چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە، لەسەر ڕێگەی هەڤرین بازگەیان داناوە و پاش ئەوەی ئەو كچە چالاكوانەیان ناچار كردووە لە ئۆتۆمبێلەكەی داببەزێت، پاش لێدانێكی زۆر و ئەشكەنجەدانی بە فیشەك كوشتوویانە.
لەوبارەیەوە نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان، تیرۆركردنی هەڤرینی 35 ساڵ بە تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدات.
ئەو ڕێكخراوی تاوانبار كراوە بە تیرۆركردنی هەڤرین خەلەف تا ئەو كاتەی توركیا لە تشرینی یەكەمی 2019 هێرشیكردەسەر ناوچە كوردیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ناوبانگی نەبوو، ئەمریكا ئەو ڕێكخراوە بەوەش تۆمەتبار دەكات كە لەنزیك شاری حەلەب سەدان كەسی كوشتووە.
بەوتەی بەرپرسانی ئەمریكا، ئەو ڕێكخراوە لە ساڵی 2018ەوە تۆمەتبارە بە كوشتن و ئەشكەنجەدانی هەزاران كەس، بۆیە بە هەموو شێوەیەك مامەڵەكردن لەگەڵ ڕێكخراوەكە قەدەغەكراوە.
چاودێران پێیان وایە پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا كە ئەندامی ناتۆن، ئێستا قورسیی تێكەوتووە، لەكاتێكدا ئیدارەی ترەمپ ڕێگری لەتوركیا نەكرد لەشكركێشی بۆ باكووری سوریا بكات، بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن لە زۆر دۆسیەدا پشتی كردووەتە توركیا بەتایبەت لە دۆسیەی سوریا و قوبرس، بەڵام لەهەمانكاتدا لەسەر مانەوەی هێزەكانی توركیا لە ئەفغانستان پشتیوانی توركیای كرد.