دوای ئەوەى فەرمانى دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە بۆ هەریەکە لە د. میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنورى گەرمیان دەرچوو، دوانیوڕۆی ئەمرۆ بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکە هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی ئەو دوو بەرپرسە.
بەشێک لە میدیاکانى نزیک لە بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى بڵاویانکردەوە، دوانیورۆی ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە هێزێکی ئەمنى چوونەتە سەر ماڵی هەریەکە لە د. میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنورى گەرمیان و دەستگیریان کردون.
ئەو میدیایانە ئاماژەیان بەوەشکردوە لە رۆژانى داهاتوودا فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسى دیکەى یەکێتى دەردەچێت کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی کەسى و تایبەتى بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ 29ى 7ى 2021 دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەسلێمانی، بڕیاریدا بەدەستگیركردنی د.میران محەمەد عەباس بەڕێوەبەری گشتیی پێشوی تەندروستیی سلێمانی، بەپێی مادەی 15 لەیاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لەدۆسیەی گەندەڵیو سپیكردنەوەی چەكو خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرجكردن نەبوەو چەكی بازاڕ بوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، “كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لەقیمەتی خۆی كڕدراوەتەوەو دواتر بەنەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بەپشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو”.
هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا “بەپێی یاسا ئەمكارە بەتاوان هەژماردەكرێتو بەكارهێنانی دەسەڵاتو پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سودو بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع)”.
لەلایەکى دیکەوە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ساڵێ ٢٠١٧ دۆسیەی (د.میران)م نارد بۆ داواکاری گشتی سلێمانی و پەیوەندی بە خەرجکردنی چەکی بانکی بوو.
ئاماژەى بەوەشکردوە، زیاتر لە ١٠٨ دۆسیەی گەندەڵیی بۆ داواکاری گشتى ناردوە، بەڵام دەپرسێت ئایا ھەموان دەستگیردەکرێن یان تەنیا (د.میران)؟