ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵی حزبەكان بەململانێی لاوەكیەوە، پرسی ناوچەدابڕاوەكان بەخاك و خەڵكەوە بەتەواوی فەرامۆش كراوە.
سالار مەحمود لەهەژماری خۆی نوسیوویەتی، كارەساتی گەورە ڕوو لە ناوچەدابڕاوەكانی كوردستان دەكات. دەشڵێت:” بێ هیوایی هاونیشتمانیان، لە پارێزگاریكردن لێیان ناوچەكانیان بۆ عەرەبی غەیرە بەجێ دێڵن.”
ئەوەش رووندەكاتەوە:” تەنیا لە سنوری قەزای خانەقین بە ناحیەكانی جەلەولاو سەعدیەو جەبارەو قەرەتەپەو گوندەكانەوە ٤۲۳٠ خێزانی كورد بەرەو هەرێم باریان كردوە. ئەمەش مەترسیدارترین ئاماژەن و لێرەوە پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر بكرێت.تەنیا لەسنوری مەركەزی قەزای خانەقی ۳٦ ئاوایی كورد چۆڵ كراون.”
ناوی بەشێك لەو گوندانەی چۆڵكراون (كانی ماسی، دەكەی سەرچەم، ئاوایی عەلی بەگ، تەپە چەرمی، كەلای حسێن، ئاوایی مەردان، زەلاو، حسێن مەمە، ئەحمەد هیلال، نەی كەنە و پویكەی گوندی دەلۆكان، ئاوایی مەلا تەیب، گوندی قەڕامین سی ماڵ بوە ئێستا سێ ماڵی تیا ماوە، هەردوو گوندی باوەپڵاوی ماڵی كەمی تیاماوە). بەشێك لە گوندە چۆڵكراوەكانی نێوان خانەقی و جەلەولاو گوندەكانی دەوروبەری قزڕەبات جەیش یا حەشدی شەعبی لێ نیشتەجێ كراون.
سالار مەحمود پێشنیار دەكات كۆنگرەیەكی نیشتمانی سەبارەت بە پرسی ناوچەدابڕاوەكان ئەنجامبدرێت.