جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رايگەياند: لە كۆی ئەو بەدواداچوونانەی كراون، لە هەموو هەرێمی كوردستاندا هەزار و 900 كەس بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و تا ئێستا دۆسیەی هەزار و 418 كەس یەكلا كراونەتەوە، كە لەو ژمارەیە 715 كەس هیچ ئەوەلیاتێكی فەرمییان نەبووە و دەركەوتووە بە نایاسایی خانەنشین كراون.

سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: “لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا وەك لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ یەكلاكردنەوە و وردبینیكرن لە دۆسیەی مووچەی پلە باڵاكان (وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژكارەكان، ئەندامانی پەرلەمان)، بۆ ئەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا كۆبووینەوە”.

وتیشی: “خۆشبەختانە ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەنجامی دڵخۆشكەر هەبووە و توانیمان بگەینە دەرەنجامێكی ڕوون، بۆ نموونە، وردبینی لەسەر 80 فایل كراوە و تەنها 33 كەس پلەی حەقیقیی وەزیریان هەیە، 168 كەس بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراون. هەروەها وردبینی لە فایلی 148 كەس كراوە و دەركەوتووە تەنها 67 كەس پلەی فیعلیی بریكاری وەزیریان هەیە و 81 كەسیش هیچ ئەوەلیاتێكیان نەبووە، بە دیاریكراویش تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی هەزار و 418 كەس لە پلە باڵاكان تەواو بووە و تەنها 52 ناو ماون، كە لەم ڕۆژانەدا یەكلا دەبێتەوە”.

ناوبراو دەشڵێت “بەپێی بڕیاری 76ی ئەنجومەنی وەزیران، هەر كەسێك بە پلەی نایاسایی خانەنشین كرابێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو پلەیەیان نەبینبێت، لێیان وەردەگیرێتەوە و مووچەكانییان ڕادەگیرێت، بێگومان ڕەنگە لە یەك تا دوو مانگی داهاتووشدا تەواوی ئەو مووچانە ڕابگیرێن، چونكە هێشتا وردبینكردن لە ناوەكان بەردەوامە”.

ڕاشیگەیاند: هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، ئەو مووچەیەی كە مانگانە بۆ پلە باڵاكان خەرجكراوە، نزیكەی چوار ملیار دینار بووە، بۆیە ئەگەر پرۆژەی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بۆ هەر مانگێك دوو ملیار و هەروەها كۆی ساڵانەش 24 ملیار بۆ سەرەوە بۆ خەزینەی حكومەت دەگەڕێتەوە.