شەیما شاڵی

هەروا دێت نهێنیی و راستییەكانی پشت كودەتاكەی هەشتی تەمموز دەردەكەوێت و روونتر دەبێتەوە، پێدەچێت جگە لەپارتی و توركیا، هاوكات چەند گروپێكی ناوخۆش پێشتر ئاگاداربوبن و راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەشداربوون لەو كودەتایە.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح كە هەموو هەوڵێك دەدات دووبارە بكرێتەوە بەسەرۆك كۆمار، بەشێك بووە لەو پلانەو پێشتر زەمینەی ئەو كودەتایەی دروستكردووە. هەروەك كوڕەكانی كۆسرەت بەتایبەت دەرباز پێشتر ئاگادار بووەو ئەو سێ‌ لیوا چەكدارەی لەسەر ناوی ئەوان تۆماركراوە ئامادەی كردوون لە ئینزار بوون! بەڵام ئێستا هەردوو لایەن (بەرهەم و كوڕەكانی كۆسرەت) پەشیمانن و پێیانوایە بەشداربوون لەكودەتایەك پێدەچێت خۆیانی تێبكەون. كوردیش دەڵێت ئەوەی چاڵ بۆ خەڵك هەڵكەنێت خۆی تێدەكەوێت.

بەرهەم ساڵح لەسەرتای مانگی رابردوو، زنجیرەیەك دیداری رەسمیی لەبەغدا بۆ بافڵ تاڵەبانی رێكخست بەجۆرێك هەموو پرۆتۆكۆلی سەرۆكایەتی كۆماری خستە خزمەت ئەو سەفەرە. لەو سەردانانەدا، كە بەرهەم بەووردی رێكیخستبوو، هەریەكە لە شاناز ئیبراهیم و رەفعەت عەبدوڵلا بەشداربوون، بەرهەم و بافڵ بەناڕاستەوخۆ ویستیان پەیامێك بدەنە لایەنە سیاسیەكانی عیراق و چەند كونسڵخانەو نێردەیەك كە بافڵ تاڵەبانی لێپرسراوی یەكەمی یەكێتییەو وەك لێپرسراوی یەكەمیش ناسێنرا، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی پەیمانی بەبەرهەمدا پشتیوانیی بكات لەدوبارە خۆ كاندیدكردنەوەی بۆ سەرۆك كۆماری عیراق و كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەبێت. ئەوەبوو هەر لەبەغدا بافڵ تاڵەبانیی لەچاوپێكەوتنێكی تەلفزیۆنی شەرقییەی سەعد بەزاز وتی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار! ئەم لێدوانە هەم گلەیی لەناوخۆی یەكێتیی لێكەوتەوەو هەمیش لایەنە سیاسییە عیراقیەكان رەخنەی توندیان لەو لێدوانە گرت، بەوپێیەی هێشتا هەڵبژاردن نەكراوە كەس بۆی نییە باس لەپۆستەكان بكات، بەتایبەت نازانرێت ئەو پۆستە بۆ كام پیًَكهاتەو گروپی سیاسی دەبێت و ئەگەر بۆ كوردیش بوو دیار نییە بۆ یەكێتیی یان پارتی دەبێت و لەناوخۆی یەكێتیش ئەو پرسە یەكلایی نەكراوەتەوەو پێویستدەكات ئەنجومەنی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی بڕیاری لێبدات نەك بەتەنها بافڵ تاڵەبانیی.

لەرۆژی یەكەمی كودەتاكە، لەدەباشانەوە یەكێكی نزیك لەبافڵ تاڵەبانیی سەردانی دەكات و داوادەكات خۆی یەكلایی بكاتەوە، لەوڵامدا بەرهەم دەڵێت “من لەگەڵ ماڵی مامجەلالم” نێردراوەكەی بافڵ پێیی دەڵێت دەیباشە بڕۆرەوە بەغدا، با وەك نێوانگر دەرنەكەویت.
ئەو پشتیوانییەی بافڵ لەبەرهەم ساڵح لەپێناو ئەوە بوو كە بەرهەم پشتیوانیی بكات لەیەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتیی! بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەو پلانەی بەرهەم نەك سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو ئەنجامی كودەتاكەی بافڵ تاڵەبانیی گورزی كەمەرشكێنی لەبەرهەمدا بۆ دووبارە بوونەوەی بەسەرۆك كۆمار! چونكە ئەنجامە سەرەتاییەكانی چەند راپرسیەك دەریخستووە یەكێتیی دەنگەكانی لەخوار هەشت كورسیەوە دەبێت، یان لانیكەم زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی لەدەستدەدات، ئەمەش وادەكات پارتی زۆرینەی رەهای دەنگەكانی كورد بباتەوەو هەر ئەویش سەرپشك لە وەرگرتنی پۆستەكانی كورد لەبەغدا، بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار كە جاری پێشوو ململانێیەكی توندی كرد.

ئەگەر بێینە سەر كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بەپێی ئاماژەكانی بەردەستن پێشوەختە ئاگاداری بەشێكی كودەتاكە بوون، چونكە ئەو سێ‌ لیوا چەكدارەی لەسەر ئەوان حیسابە كە بەلیواكانی كۆسرەت رەسوڵ ناودەبرێن، خرابوونە ئامادەیی و ئینزار. سەررپەرشتیاری ئەو هێزە چەكدارەی كۆسرەت رەسوڵ لەكاتی دەستبەكاربوونی لێپرسراوی هێزی دژە تیرۆر، ئامادەبوو. لەتۆڕی كۆمەڵایەتی نوسی (سەرۆك بافڵ)! هاوكات كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ بەتایبەت دەرباز، چەند رۆژی یەكەمی كودەتاكە بەردەوام لەدەباشان بوو لەپاڵ بافڵ تاڵەبانیی. پێیانوابوو ئەگەر لاهور شێخ جەنگی بكەوێت، لەبەرامبەر ئەو پشتیوانییەی كودەتاكە، بافڵ تاڵەبانیی یەكێك لەكوڕەكان دەكاتە جێگری خۆی لەناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەڵام دوای تێپەڕینی دوو هەفتە بەسەر كودەتای تەمووز، دەركەوت ئەوانیش خەسارەتمەندی یەكەم بوون و هیچیان دەستنەكەوت و دەستناكەوێت. بافڵ تاڵەبانیی لەكۆبونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەكان لە 26 تەمموز و دواتر كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، دوپاتیكردەوە كە ئەو نایەوێت هیچ جێگرێكی هەبێت و قبوڵی جێگر ناكات، هەروەك لەكۆبونەوەو دیدارەكانی پێشووی تەئكیدی كردۆتەوە هێزەكانی یەكێتیی ئەوانەی بەناوی كەسن یاخود جیاكراونەتەوە، لێپرسراوی هێزەكانیش لەشوێنی خۆیان دەهێلێتەوە وەك فەرماندەی هێزەكان بەڵام دەیانخاتە سەر یەكەی حەفتا.

بەكورتی؛ دەركەوت كوڕەكانی كۆسرەت رەسول عەلی-یش شتێكیان دەستنەكەوت، بۆیە بەپێی سەرچاوەكان پەشیمان بوونەتەوەو گومانیان لەنیازو نیەتی بافڵ تاڵەبانی دروستكردووە، دەترسن ئەگەر ئەو ململانێیەی ناوخۆی یەكێتی یەكلایی ببێتەوە لەخزمەت بافڵ تاڵەبانیی، ئەوان دوبارە پەراوێزبخرێن و ئەمجارە هیچ لایەك یان گروپێك نەبێت پەنای بۆ ببەن، بۆیە ئێستا پێیانباشە دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە تاوەكو سود لەململانێكان وەربگرن و خۆیان لەسەر هیچ لایەك ساخنەكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكان، ژمارەیەك دۆست و نزیكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، كەئێستا كەمێك نەساغەو لەرووداوەكان وەك پێویست نزیك نییە، كوڕەكانی ناوبراویان ئامۆژگاریی كردووە كە نەبنە بەشێك لەو ململانێیە، چونكە لەكۆتاییدا خۆیشیان دەسوتێنێت.