سەرچاوەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو برای لاهوور شیخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەرچووە.
 
سەرچاوەیەكی یەکێتی رایگەیاند: “فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگی و بەرپرسێکی ‌هێزەکانی دژە تیرۆر لەسەر سکاڵای هاونیشتیمانییەک دەرچووە”.
 
پۆڵاد شێخ جەنگی، پێشتر بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو، هەروەها ئاسۆ شێخ جەنگی، پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە رووسیا.
 
ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی وتی: “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک دۆسیە، کە پەیوەندییان بە بازرگانی و دەوڵەمەندبوونی ناڕەواوە هەیە”.
 
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، بێجگە لەو سکاڵایەی لەسەر دوو براکەی لاهوور شێخ جەنگی تۆمارکراون، سکاڵای دیکەش تۆمار کراون و وتی: “چەند کەسێک لە دادگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ژمارەیەک سکاڵایان لەسەر ژمارەی پرسی پەیوەندیدار بە پارە وەرگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵ و شتی دیکەی پەیوەند بەو بابەتەوە تۆمارکردووە”.