زوبێر عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی ڕێکخستن و لێپرسراوی مەڵبەندەکان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەردوو هاوسەرۆك لەسەر بژارەیەك رێكبكەون و لە سەركردایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت.
زوبێر عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، دوێنێ دووشەممە 26ی تەموزی 2021، “کۆبوونەوەی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی بە سەرپەرشتی شالاو علی عسکری ئەنجامدرا کە تێیدا سەرجەم لێپرسراوی مەڵبەندەکان و لێپرسراوی هەرسێ بۆردەکە ئامادەی بوون و دواتریش لە (دەباشان ، ماڵی مام) بە سەرپەرشتی هاوسەرۆک بافل تالەبانی و بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسی کۆبونەوەکە بەردەوام بوو.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ” خالێکی گرنگ و بنجینەیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر بارودۆخی نێوخۆی یەکێتی و شەن و کەوکردنی رووداوەکان و چەندین بژارە خرانەروو کە بافل تالەبانی و هەڤالانی کۆبوونەوەکە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و بە گیانی هەڤالانە تاوتوێی پێشنیارەکانیان کرد.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ” دواجار مژدە دەدەین بە دلسۆزان و خەمخۆر و یەکێتی لەسەر ئەو بژارەیە رێککەوتین کە (هەردووک هەڤالی هاوسەرۆک لەسەر بەرنامەیەک رێککەوتن بکەن لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان و یەکێتی و لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوا بڕیاری لەسەر بدرێت کە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو بێت ).”