سنوور میدیا- کەلار
بەپێی زانیارییەکانی سنوور میدیا ،هەردوو ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایان و کۆمپانیای خیمە السلام لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون بۆ تیروپشکی یەکەکانی مامۆستایان خاوەن پشک دەبێت ناسنامەی یەکێتی مامۆستایان نوێ بکاتەوە یان ناسنامەی نوێ دەربهێنێت .
مامۆستایان بەشدار بووی پرۆژەکە ئەمە بە ئیستغلاکردن و ناچاکردنی بەزۆری مامۆستایان دەبینین بۆ بەئەندام بوون.
🔴بزووتنەوەی گۆرانمان لە بابەتەکە ئاگادار کردۆتەوە
لاوان ئەحمەد، وەک یەکێک لەبەشداربووانی پرۆژەکە بەسنوور میدیای ڕاگەیاند “ئەم مەرجە مەرجێکی نایاساییەو لەگەڵ کاری ڕێکخراوەیدا یەکناگرێتەوە، لەهیچ کوێیەکی دونیادا ڕێکخراوەکان بەزۆر کەس ناکەن بەئەندامی خۆیان”
وتیشی ” بەحوکمی ئەوەی سەرۆکی لقی گەرمیان ئەو ڕێکخراوە لەپشکی بزووتنەوەی گۆڕانە ئێمە ئەم پرسەمان گەیاندۆتە مەکۆی کەلاری بزووتنەوەکەو ئەوان بەتوندی دژی هەنگاوێکی لەوجۆرەن چونکە لەگەڵ پرنسیپەکانی ئەو بزووتنەوەیە یەکناگرێت”
🔴ئەبێت سنورێک بۆ دوو ڕوویی یەکێتی مامۆستایان دابنرێت
بەشداربووەیەکی تر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنووسێت”ئەبێت سنورێک بۆ دوو ڕوویی یەکێتی مامۆستایان دابنرێت”.
دەڵێت “ئەمڕۆ چومە کۆمپانیا بۆ ئەستۆ پاکی، وتیان بە بێ پشتگیری یەکێتی مامۆستایان ناکرێت. پەیوەندیم بە یەکێتی مامۆستایانەوە کرد، وتیان کاتێک پشتگیری ئەکەین ١٠ ھەزار ئابوونەوە بدەیت”.
وتم من نە ھەویە تازە ئەکەمەوە نە ١٠ ھەزار ئەدەم، یانی قورعە بۆ خانوەکەم ناکرێت؟
وتیان ئێستا تەنھا قورعە بۆ ئەو کەسانە ئەکرێت کە ئابوونەوە ئەدەن، رەنگە دواتر بە جیا قورعە بۆ ئەوانە بکرێت کە ئەندام نین!
ئیتر خۆتان ئەم گاڵتەجاریە لێکبدەنەوە!
بلۆکێ خۆی دە خانووە، چۆن بە دوو وەجبە قورعەی بۆ ئەکرێت؟
تکایە ھیچ کەسێ نەچێتە یەکێتی مامۆستایان
نە داوای پشتگیری بکەن نە پارەی ئابونەوە بدەن.
کۆمپانیا بڵێ قورعە ناکەین بیناکە ئەڕوخێنین بە سەریانە، خۆ خێرمان پێ ناکەن”.
ئەو بەشدار بووە دەپرسێت “لە کام یاسای و ڕێنمایی وەبەرھێنان ھاتووە ئەگەر ١٠ ھەزار نەدەیت بە یەکێتی مامۆستایان قورعە بۆ خانوو ناکرێت؟
ئەمە دزیەکی ئاشکرایە”
🔴ئەندامبوون ئارەزومەندانەیه
ساڵح حسەین میروەیس، سەرۆکی لێژنەی داکۆکی لەمافی مامۆستایان لە لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپاڵپشت بەیاسای ژمارە(1)ساڵی(2012) یاسای هەمواری یەکەمی ، یاسای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ، مادەی پێنجەم بڕگەی (ا)هاتووە . (ئەندامیەتی لەیەکێتی مامۆستایان ئارەزوومەندانەیە، لەکۆنگرەی دوازدە هەمینی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پەسەند کراوە… سەبارەت بەتیروپشکی خانووی مامۆستایان
1_ یەکێتی مامۆستایان تیروپشک بۆ ئەندامانی دەکات .
2_ هەرمامۆستایەکیش نابێتە ئەندام ئازادە و ئەو مامۆستایانەش ئەندام نین ئەرکی کۆمپانیا بەگوێرەی گرێبەست تیروپشکیان بۆ بکات.”
بەپێی قسەکانی ئەم ئەندامەی لقی گەرمیان ئەم مەرجە لەگەڵ پەیڕەوی ڕێکخراوەکەدا ناگونجێ ..
سنوور میدیا زانیویەتی بۆ تازەکردنەوەی هەر ناسنامەیەک لقی ناوبراو بڕی10هەزار دینار وەردەگرن، ئە بڕە پارەیەش بۆ پرۆژەیە زیاتر لە دوو هەزار یەکە زۆر دەکات.