قافڵەی ئۆتۆمبێلەكانی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ مەفرەزە هاوبەشەكانی هێزە ئەمنییەكان ناوەست و بەو هۆیەشەوە كارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیس، ئاسایش بایكۆتی كاركردن دەكەن.
بەیانی ئەمڕۆ مەفرەزەیەكی هاوبەشی پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیس و ئاسایش گەرمیان لەنزیك مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی، لە ئەركدا دەبن.
بەپێشی زانییەكانی سنورمیدیا، لەوكاتەدا یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان بە ئۆتۆمبێلی لانگرۆزەری جامڕەشەو دەچێتە لای مەفرەزەكەو پێیان دەڵێت”ئەو ڕێگەیە بكەنەوە، ئێستا بەرپرسی مەڵبەند دێت”.
پاش ئەم قسەیە بەرپرسی مەفرەزەی هێزە ئەمنییەكان بە پاسەوانەكانی بەرپرسی مەڵبەند دەڵێت”ئێمە لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە ئەركداین” ئەوانیش لە بەرامبەردا بە هێزە ئەمنییەكان دەڵێن”ئێوە ماستاوچین، ئێمە كار بەو بڕیارە ناكەین”.
سنومیدیا بۆ وەرگرانی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان و عەبدولرەحمان زەهاوی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیانەوە كرد، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە.
دواتر سنورمیدیا پەیوەندی بە ئەكرەم ساڵح، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كرد، ناوبراو وتی”لە ئیدارەی گەرمیانم پاش پێنج خولەكی تر پەیوەندیت پێوە دەكەمەوە” بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە دووبارە پەیوەندی نەكردەوە و وەڵامی پەیوەندیشی نەیاوەتەوە.
لەپاش ئەم گفتوگۆ توندە، بەرپرسەكەی هێزە ئەمنییەكان دەیەوێت بڕوات و لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بەرپرسی مەڵبەند قسە بكات، بەڵام ئۆتۆمبێلەكانی پۆڵا تاڵەبانی، دەست دەشكێننەوە سەر مەفرەزە هاوبەشەكانی هێزە ئەمنییەكان و بەجێیان دەهێڵن.
پاش ئەم ڕووداوە هەموو كارمەندەكانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ و ئاسایشی گەرمیان بایكۆتی كاركردن و مەفرەزەدانانیان كردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.