پێش جەژن بڕیاردراچاكسازی بكرێت و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و چەكی بێ مۆڵەت لەدەڤەری سەوز دەستی بەسەردا بگیرێت، بەڵام هێندەی ماتۆڕی دلیڤەری گیراوە، هێندە بڕیارەكانی دیكە جێبەجێ نەكراوە.
ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایانگەیاند”لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پاش یەك هەفتەی تر دەستدەگرین بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و چەكی بێ مۆڵەت”.
دوێنێ یەكشەممە 25-7 هەڵمەتەكە لەناوشاری سلێمانی و دەڤەری سەوز دەستی پێكرد، هەموو ڕاگەیاندنەكان ڕووماڵیان دەكرد، بەڵام ئەنجامێكەی دڵخۆشكەر نەبوو.
لەسەرتا واباسكرا ئەم هەڵمەتە بۆ دەستگرتنە بەسەر ئەو ژمارە بێشومارەی ئۆتۆمبێلی مەلیك كە بێ سەرەتان، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بە سنورمیدیای وت”هیچ ئۆتۆمبێلێكی جۆری مەلیك نەگیراوە”بەڵام ڕێكارێكی زۆری یاسایی بەرامبەر ئۆتۆمبێلی سەرپێچیكار گیراونەتەبەر و زۆر شۆفێریش غەرامە كراون”.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت”لەماوەی دوو ڕۆژی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاو چەكی بێمۆڵەت هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی توانیان دەستبگرن بەسەر ژمارەیەك چەك و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا”.
دەشڵێت” دەستگیراوە بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و 11 جۆر پارچە چەك”.

سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە ژمارەیەكی زۆر ماتۆڕ دەستی بەسەرداگیراوە، لەنێویشیاندا ماتۆڕی تایبەت بە كاری دلیڤەری ئەو كۆمپانیایانەی كە مۆڵەتی یاساییان هەیە.

مقدم عبدالرحمن زەهاوی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بە سنورمیدیای ڕاگەیاند”ئێستا زووە بۆ ئەوەی ئاماری هەڵمەتەكە بڵاو بكەینەوە، بەڵام ڕێكارێكی زۆری یاساییمان كردووە”.
هەر لەبارەی ئەو چاكسازیانەی ئێستا محەمەد عەبدولرەحمان، كادری دیاری یەكێتی كە بە محەمەد تاڵەبانی ناسراوە، بە سنورمیدیای وت”ھـەنگاوێکی زۆر گـرنگ بوو لـە ئـاست داخوازی شەقام و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بەم ھـەنگاوەیان سلێمانی و دەوروبەری دەگەڕێنەوە قۆناخێکی بەھێز زۆر بـاش”.
وتیشی” وەک کـادرێکی یەکێتی پـشتیوانی ھەموو ھەنگاوەکانی سەرۆک بـافڵ تاڵەبانی و کـاک قــوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم دەکەم بەمەبەستی نەھێشتنی ئاغا و کوێخایی و گەندەڵی و بێ سەروبەرەی لەم شارەدا”.

هەڵمەتەكە تائێستاش بەردەوامی هەیە، دیاریش نییە ئەمە تەنها هەڵمەتێكی چەند ڕۆژەیە، یاخود بڕیارێكی كۆنكرێتییەو بە بەردەوام جێبەجێ دەكرێت، یاخود ئەوەتا جارێكی دیكە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام ڕەش شەقامەكانی دەڤەری سەوز داگیر دەكەنەوە.