لەڕۆژانی جەژنی قورباندا لەسلێمانی زیاتر لە ٨٠٠ تۆن گۆشت كە بۆ خواردن شیاو بووە كراوە بەقوربانی.
شاڵاو عارف، لێپرسراوی كوشتارگەی نوێی سلێمانی ڕایگەیاند، لەدوو ڕۆژی جەژندا پێشوازییان لە هاووڵاتییان كرد، بۆئەوەی ئاژەڵەكانیان بۆ سەربڕین بهێنن و بیكەنە قوربانی، بەڵام دوو ڕۆژی دواتر ئاژەڵیان سەرنەبڕی، چونكە خەریكی نۆژەنكردنەوەی كوشتارگەبوون.
ڕوونیكردەوە، لەو دوو ڕۆژەدا نزیكی ٧٤ تۆن كوشتاریان بۆ هاوڵاتییان ئەنجامداوە، لەو ڕێژەیەش تۆنێك و ١٠٠ كیلۆ گۆشتیان دیاریكردووە، كە بۆ خواردن شیاو نەبووە، بۆیە بەشێوەیەكی زانستی لەناویانبردوون.
باسی لەئەوەشكرد، بەراورد بەجەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی قوربانیكردن زیادیكردووە.
ئەوەشی باسكرد، هەرچەندە ئامارێكی دروست لەبەردەست نییە، بەڵام وەك پێشبینی، لەدەرەوەی كوشتارگەش نزیكی دە هێندەی كوشتارگە قوربانی ئەنجامدراوە، واتە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن كوشتار لەسلێمانی ئەنجامدراوە، بەمەبەستی قوربانی.
ڕوونیشیكردەوە، بەداخەوە لەدەرەوەی كوشتارگە قوربانییەكی زۆر ئەنجامدرا، كە لەدەرەوەی ڕێنماییە تەندروسییەكان بوون.
ئاشكراشیكرد، لەپێنج ڕۆژی پێش جەژنی قورباندا نزیكی ٨٠٠ تۆن گۆشتیان ڕەوانەی بازاڕەكان كرد، بەڵام لەساڵی پار ٥٠٠ تۆن گۆشتیان ڕەوانەكرد، واتە ئەمساڵ بەڕێژەی لەسەدا ٣٨ زیادیكردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە هاووڵاتییان لەجەژنی قورباندا بەشێوەیەكی بەرچاو ئاژەڵ سەردەبڕن بەمەبەستی قوربانیكردن و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشیدەكەن.