دوێنێ شەو بەلەمێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دورگەی کریتی نقومبوو، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جیاواز زۆرینەی سەرنشینانی بەلەمەکە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و تا ئیشتا ٣٦ کەسیان رزگارکراون.
ھیوا خدر نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە توکیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نوقم بووە، کە ٤٥ کەسی تێدابووە، دەشڵێت، ٤٠ کەسیان کوردن و خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیان خنکاون.
رەوا بابان نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لەیۆنان بەبەمیدیای حزبەکەی راگەیاندوە، “زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتون و لە نزیک دورگەی “کریتی” سەر بە یۆنان بەھۆی شەپۆلی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوتوە”.
تا ئامادەکردنی ئەم ھەواڵە ٨ کەس لەو کەسەی لەیەختەکەدا بوون چارەنوسیان دیار نیە.
بەپێێ میدیاکانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاندووە، لە ئێستادا لە دورگەی کریتی بە دوای ھەشت کەسدا دەگەڕێن و بەھۆی خراپی کەشوھەوا و بایەکی بەھێزەوە بەلەمەکە وەرگەڕاوە.
ھاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند بەلەمێک کە ٤٥ کەسی لەنێو دابووە بە دووری ١٦١ میل لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی کاش لە پارێزگای ئانتاڵیا ژێرئاو کەوتووە و کارەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوامن.
وەزارەتی بەرگری لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئێوارەی رابردوو بەلەمێک کە ٤٥ کەسی لەنێو دابووە بە دووری ١٦١ میل لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی کاش و ٦٠ میل لە باشووری دوورگەی کەرپە بووە کە خەریک بووە ژێر ئاو بکەوێت زانیارییان بەدەست گەیشتووە.
ئەوانیش دەستبەجێ بەلەمی چارۆکەداری جەنگییان رەوانەی ناوچەکە کردووە و دەست کراوە بە کارەکانی گەڕان و فریاکەوتن.
ناوچەکە کە دەکەوێتە سنووری گەڕان و فریاکەوتنی تورکیا وەک “گۆڕەپانی گەڕان و فریاکەوتن” دەستنیشان کراوە، دەریاوانان لەمە ئاگادار کراونەتەوە و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە بۆ کەرتی گەڕان و فریاکەوتن تەرخان کراون.