بەڕێوەبەری بارزگانى و خۆراکی سلێمانى رایگەیاند، لە دواى پشووی جەژنەوە دەستدەکەن بە دابەشکردنى بەشەخۆراک ولەمەودواش مانگانە نۆ ماددەی خۆراکی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، کە ئەو ماددە خۆراکییانە ماوەی ١٥ ساڵە دابەشنەکراوە.

شەوکەت محەمەد بەڕێوەبەری بارزگانى و خۆراکی سلێمانى  رایگەیاند، نۆ ماددەى خۆراکی نوێ گەیشتووەتە کۆگاکانیان لەوانەش، نیسک و فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە، وتیشی، جۆری برنجەکە گۆڕاوە بە برنجێکی کوالێتى باشتر.

شەوکەت محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەوە بەپێی لیستەکان بەشەخۆراک رەوانەوەى ناوچە جیاوازەکان دەکەن و لەوێشەوە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ١٥ ساڵ لە راگرتنی جارێکی دیکە ماددە زیادکراوەکانی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان گەیشتووەتە دەستی بریکارەکان و بڕیارە لەمەودوا مانگانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت.