ئاراس مەسیفی

راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆتایی بە سەردەمی لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک و هاوبەشی کوڕەکانی تاڵەبانی لە ناو یەکێتیدا هێنا. لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی لە ڕوکەشدا بوەتە کەسی یەکەم و خاوەنی هەمو دەسەڵاتە سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و دیبلۆماسیەکانی یەکێتی. ڕاستە دەرپەڕاندن و دەستەمۆکردنی لاهور سەرکەوتنێکی گەورەی کوڕانی تاڵەبانی بو بەسەر ئامۆزاکەیاندا، بەڵام ئەو سەرکەوتنە ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵە و سەرەرۆیەکانی خودی لاهور و براکانیەوە هەیە، ئەوەندە دەرئەنجامی لێهاتویی و زیرەکیی کوڕانی تاڵەبانی نییە. بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەم کودەتایە نەک تەنها کۆی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناو یەکێتییان تێکدا، کە ئیدارەدان و چۆن مامەڵەکردن لەگەڵیان تەنانەت بۆ باوکیشیان کارێکی زۆر زەحمەت بو، بەڵکو لە رێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی، هەندێک هێڵی سوریشیان بەزاند، کە تا ئێستا وەکو سنورێکی ئەخلاقی و مەعنەوی پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی تاڵەبانیەکان وەهابو لە ناو یەکێتیدا.ئەگەر هاتو لە داهاتودا هاوکێشە ئاڵۆزەکانی جەمسەرەکانی ناو یەکێتی دوبارە لاسەنگ ببنەوە، کە دەبنەوە، ئەوا هىچ سنورێکی ئەخلاقی و مەعنەوەی لەبەردەم جەمسەرەکانی تری یەکێتیدا نەماوە بۆ لادانی بافڵ و قوباد لە ترۆپکی دەسەڵاتی یەکێتی بەهەمان ئەو رێگەیەی ئەوان بەرامبەر بە ئامۆزاکەی خۆیان گرتیانەبەر.

ڕاستە کوڕانی تاڵەبانی سود لە ناو و ناوبانگی باوکیان وەکو ئەرگۆمێنێتکی رەوایەتیپێدان وەردەگرن و لە بەستێنی کەلتوری سیاسیی کوردی و بەچاولێکردنەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، خۆیان وەکو تاکە میراتگری باوکیان وێنا دەکەن، بەڵام پێدەچێت ئەوەیان لەبیرکردبێت، کە نە یەکێتی پارتییە، نە ئەوانیش بنەماڵەی بارزانین. یەکێتی بە پێچەوانەی پارتی هەر لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دژایەتی بنەماڵەیی بون دامەزراوە و جۆشدراوە، واتە هەرکاتێک کوڕانی تاڵەبانی لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوکێشە دەسەڵاتخوازیەکانی جەمسەرەکانی ناو یەکێتی شکستیان هێنا، ئەوا ئەرگومێنتی رێگری کردن لە بنەماڵەیی بونی یەکێتی ئامادەیە، ڕەوایەتی بابەتی و مێژویی خۆی هەیە و توانستی (پۆتەنشیەڵی) پاساودانەوەی ڕەوایەتیپێدانی کۆدەتای پێچەوانەی تێدایە.

لێکدانەوەی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناو یەکێتی، بەبێ لاهور بۆ کوڕانی تاڵەبانی هێندە ئاسان نابێت، تەنانەت باوکیشیان بەو هەمو کاریزما و ڕەوایەتیبون و زانایی و داناییە سیاسیەی خۆیەوە دەرەقەتی نەدەهات. خودی کودەتاکەش بەڵگەی شکستهێنانی ئەوانە لە بەڕێوەبردنێکی دانایانە و هاوسەنگی هاوکێشەکانی ناو یەکێتی. بە دەستکاریکردنی نەزانانەی هاوکێشەکانی ناو یەکێتی بافڵ و قوباد نەک تەنها دەرگای قەفەزی گورگە جڵەوکراوەکانی ناو یەکێتیان بەسەر خۆیاندا کردەوە، بەڵکو ئامۆزا و هەوادارانیان لەناوەوە و دەرەوەی یەکێتیدا زەلیل کرد و تۆراند، ئەوان بە تەنیا، واتە بەبێ لاهور و براکانی، نە هێز و توانای پێویستیان بۆ جڵەوکردنی فرتوفێڵ و چاوچنۆکی جەمسەرەکانی وەکو (کوتلەی کەرکوکیەکان، بەرهەم سالح، کوڕەکانی کۆسرەت، مەلا بەختیار و حاکم قادر، کەڵەگایی جەعفەر مستەفا، مەحمود سەنگاویی و چەندان وردە فەرماندەی تر)ـی ناو یەکێتیان هەیە، نە ئەو خۆشەویستییەی لاهور شێخ جەنگیـشیان لەناو بنکەی جەماوەریی و ئەندامانی یەکێتیدا هەیە.کوڕانی تاڵەبانی ئەو ڕێز و قورساییەی لای فەرماندە چەک بەدەستەکانی ناو یەکێتی هەیانبو، بەشێکی زۆری بە پشتیوانی لاهور بو، وە ئەو خۆشەویستیەش لەناو جەماوەری یەکێتیدا هەیانبو، دیسان بەشێکی زۆری لەبەرخاتری لاهور بو. پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کەلێنە پڕ دژبەیەکییەی بەهۆی لادانی لاهورەوە دروست دەبێت، کارێکی نزیکە لە ئەستەم، نەک تەنها لەبەر ئەوەی بونیادی بەرژەوەندیەکان و سروشتی هاوکێشەکە بەوشێوەیەیە، کە پڕکردنەوەی بەشێکی هەمیشە لەسەر ئەژماری بەشێکی تر دەبێت، بەڵکو لاهوریش لە بۆشاییەوە نەهاتبو تا بەتەواوی بچێتەوە ناو بۆشایی. لاهور هەموکات بەشی ئەوە هێز و لایەنگری هەیە، کە کۆسپ بخاتە بەردەم بەرنامە و پلانی کوڕانی تاڵەبانی. بەمانایەکی تر تارمایی لاهور بەسەر یەکێتیەوە هەمیشە ئامادەیی دەبێت و بچوکترین هەڵەی کوڕانی تاڵەبانی دەچێتە نێو سەبەتەکەی لاهور.

یەکێتی ئێستا لە دۆخی شۆکێکی گەورەدایە، هەم ئەوانەی بە لەدەسەڵاتخستنی لاهور دڵخۆشن، هەم ئەوانەشی پێی دڵتەنگن، ناتوانن باوەڕ بەوە بێهنن کە چۆن لاهور لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا خۆی بەدەستەوەدا و ئیمپراتۆریەتییەکەی بەو خێرایی و دراماتیکیە توشی داڕوخان و هەرەس هێنان بو، بەڵام ئەو دۆخە تەنها چەند هەفتەیەکی کەم دەخایەنێت و جەمسەرەکان دوبارە دێنەوە سەرخۆیان و سەوداو مامەڵەی بەرژەوەندی و دەسەڵات لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی دەست پێدەکەنەوە. ئەوانەی بە ئاشکرا پشتیوان و بەشداربون، داوای بەشی خۆیان لە میراتی بەجێماوی لاهور دەکەن، ئەوانەی بێدەنگییان هەڵبژارد، چاوەڕێی شیرینی دەکەن، ئەوانەشی لەسەر لاهور دێنە هەژمار، ناچارن شەڕی پاراستن و لەدەست نەدانی بەشی خۆیان بکەن، لێرەدا ئاڵەنگارییە گەورەکەی کوڕانی تاڵەبانی دەست پێدەکات.

دەبەنگیی و کاڵفامی سیاسیە، گەر کوڕانی تاڵەبانی وا تێگەیەندرابن یان تێگەیشتبن، کە دەتوانن بە تەنها هەمو میراتەکەی لاهور بۆ خۆیان ببەن، خودی پەنابردنە بەر کودەتا، لە خۆیدا نیشانەی مایەپوچی ئەخلاقییە، بەکارهێنانی هێزەکەی جەعفەر مستەفاش، کە کەسێکی نەخوازراوە لەناو بنکە و سەرکردایەتی یەکێتی، لاوازیی کوڕانی تاڵەبانی لەڕوی سەربازیەوە پیشاندەدات. ئەو نمایشەی ئەوان لە میدیاکاندا دەیکەن، هۆکارە سەرەکییەی بۆ شاردنەوەی ئەو خاڵە لاوازەیە و وێناکردنیەتی وەکو خاڵی هێز. پشتیوانی و بێدەنگی جەمسەرەکانی تری ناو یەکێتی بەهۆی خۆشەویستی و سەرسامی ئەوان بە دانایی و زانایی کوڕانی تاڵەبانی نییە، بەڵکو لە کاردانەوەی سیاسەتە پاوانخوازیەکان و لەخۆباییبونی لاهورەوە بو.

کوڕانی تاڵەبانی بۆ ئەوەی وەکو لاهوریان بەسەر نەیەت، دەبێت نەک تەنها میراتی لاهور لەگەڵ جەمسەرەکاندا بەش بکەن، بەڵکو هەندێکیش لەبەشی خۆیانی بخەنە سەر، ئەگەرنا ئەوانیش وەک؛ لاهور، چۆن هاتن، بەوشێوەیەش دەڕۆن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە کوڕانی تاڵەبانی لە ڕاستیدا نەک تەنها هێندەی هێز و دەسەڵات لەدەست دەدەن، بەدەستی ناخەن، بگرە خۆشیان خستۆتە دۆخێک، کە بە پێی پێدراوە نوێکان، ئەگەری شکستهێنانیان زۆر لە ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە.