ئاشکرایە کە یەکێک لە بابەتە هەرە گەرمەکان لە پانتایی باشوری کوردستاندا، کودەتاکەی ٨ی تەمموزی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
دەڵێم کودەتا. . .!
کودەتاش زۆر شێوازی هەن هەر لە کودەتای کلاسیکی کە بە هێزی سەربازی دەکرێ تا دەگاتە کودەتای دەستوری و کودەتای قەسر و کودەتای سپی و هتد. . .
ئەوەی لە ٨ی تەمموز روویدا کودەتای کۆشک (قەسر) بوو لە رێگای بەکاربردنێکی سنورداری هێزی سەربازییەوە. . .
هیچ گومانی تیا نییە کە نەبوونی کاردانەوەی توند لای کودەتا لێکراو (واتە لاهوری شێخ جەنگی) سلێمانی و دەوروبەری لە خوێنڕێژیێکی موحەقەق پاراست، لەوەشدا خەڵکی باشوری کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە، سوپاسگوزاریێک قەرزاری لاهوری شێخ جەنگین بۆ دەستنەبردنی بۆ بەکاربردنی هێز، جا ئەو دەستنەبردنە بە هەر هۆکارێک بێت ئەوەیان گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە تا ئێستا ئەم کودەتایە خوێنڕێژی لێ نەکەوتۆتەوە. . .
——————
قسەکردن دەربارەی ئەم بابەتە ئاسان نییە، لەبەر دوو هۆ:
١) ئێمە ئەوەندە زانیارییەمان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەوەی بتوانین، بە پشڕاستی و پشتئەستور بە زانیاری پشڕاستکراوە و بەڵگەنامەی پێویست، تێگەیشتنێکی جێگیر بەرهەم بهێنین؛
٢) بە درێژایی ساڵانێک لە نووسین و قسەکردن، زۆر بە دەگمەن قسەم لەسەر کێشە و پرسە ناوخۆییەکانی حزبە سیاسییەکان کردووە. بەڵام ئەمجارەیان لەسەر رووداوەکنی ناو یەکێتی چەند تێبینیەک تۆمار دەکەم.
————–
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە پرسیارێکی گرنگ لە بابەتی رووداوەکانی هەرە دوایی ناو یەکێتی ئەوەیە کە ئایا لە کوێوە دەستپێبکەین، لە کۆچی دوایی مام جەلالەوە، یا لە سەرەتا هەرە سەرەتاکانی دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وەک حزبێکی فرە-سەکۆ یا فرە-مینبەر. . . بە هەر حاڵ بۆ تێگەیشتنێکی باشتری کێشەکانی ئەمڕۆی یەکێتی گەڕانەوە بۆ هەردوو مێژووەکە گرنگە.
—
بە بۆچوونی خۆم، بۆ تێگەیشتنی ئەو پڕۆسەیەی کە یەکێتی گەیاندە دۆخی کودەتای ٨ی تەمموز، دەکرێ پەنجە لەسەر چەند خاڵێک دابنێین:
١- کۆچی دوایی مام جەلال:
کۆچی دوایی مام جەلال بۆ یەکێتی خاڵی وەرچەرخان بوو. . . جگە لەوەی هیچ کەس نەبوو لە ناو یەکێتی کە جێگە و پێگەی مام جەلال بە شایستەیی پڕ بکاتەوە، کێشەیەکی گەورەتریش ئەوە بوو کە مام جەلال دوای خۆی وە لە خانەوادەی خۆیدا کەسێکی جێنەهێشت کە بێ سێ و دوو وە لەسەر راسپاردەی خۆی جێگای ئەو پڕ بکاتەوە، بەڵکو جێماوی مام جەلال سێ جەمسەری بنەماڵەیی بوون: أ- کوڕانی مام جەلال؛ ب- بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد؛ ج- برازاکانی مام جەلال. لەم سێگشەیەشدا هێرۆخان دوو رۆڵ دەبینێ: ئەو کچی ئیبراهیم ئەحمەدە و خێزانی مام جەلالیشە!
هەڵبەتە هەر زوو دەرکەوت کە ئەم سێ جەمسەرە و سەرکردە کلاسیکییەکانی یەکێتی، بە تایبەتی خانەوادەی کۆسرەت رەسوڵ، ناتوانن لەگەڵ یەکدا هەڵبکەن. . . بە واتایەکی دیکە ئەم ململانێیە پێویستی بە یەکلاکردنەوە هەبوو.
بە هەر حاڵ، لە ٨ی تەمموزدا نەک هەر ئەو ململانێیە کۆتایی نەهات بەڵکو پێی نایە ناو قۆناغێکی مەترسیدارترەوە؛
٢- کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، لە بری ئەوەی ببێ بە دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان، بوو بە رووداوێک کە لە رێگایەوە جەماوەری یەکێتی بۆ ماوەیەک بەنجکرا، زۆرێکیش لە کێشەکان پاڵدرانە پێشەوە بە هیوای ئەوەی دواتر چارەسەربکرێن وە هەندێکیش لە کێشەکان، وەک کورد دەڵێ، خرانە ژێر بەڕەوە، واتە لە کێشەی بینراوەوە کران بە کێشەی نەبینراو؛
٣- دەنگی زۆرینەی لاهوری شێخ جەنگی لە کۆنگرەدا، نەک هەر کێشەی سەرۆکایەتی یەکێتی چارەسەر نەکرد، بەڵکو ئەم زۆرینەیە خۆی لەخۆیدا بوو بە کێشە وە، هەرنەبێ ماوەیەک، چارەسەری راستەقینەی کێشەکەی دواخست، بۆ ئەوەی دواتر نەک بە زۆرینەی کۆنگرەیەک یا پلینۆمێکی دیکە چارەسەر بکرێ، بەڵکو بە کودەتای ٨ی تەمموز چارەسەر بکرێ، ئەگەر ئەسلەن پێی بڵێین چارەسەر؛
٤) یەکلاکردنەوەی کێشەی سەرۆکایەتی یەکێتی دوای ٨-٩ رۆژ لە کودەتاکە لە چوارچێوەی مەکتەبی سیاسیدا لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی، دانانی مینێکی زەبەللاحە لەسەر رێگای یەکێتی روو لە داهاتوو؛
٥) بە بۆچوونی خۆم، لە قۆناغی دوای کۆنگرەی چوارەم، یەکێتی کەوتە ناو دژایەتیێکی گەورە و چارەنووسسازەوە: لە لایەکەوە، وڕێنە و بانگەشەی سەرکردەکانی یەکێتی، زۆر بە تایبەتی لاهور و بافڵ، بۆ هەڵسانەوە و نوێبوونەوەی ئەو حزبە؛ کەچی لە لایەکی ترەوە، هەر بە پێی بانگەشەی ئەم دوو سەرکردەیە، بۆ ئەم هەڵسانەوە و نوێبوونەوە دەبێ یەکێتی ببێتەوە بە “یەکێتییەکەی مام جەلال.” (لە راستیدا یەکێتییەکەی مام جەلال یەکێتییە کۆنەکەیە).
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا بۆ ئەم دوو خاڵە (واتە هەڵسانەوە لە لایەک، وە گەڕانەوە بۆ یەکێتییەکەی مام جەلال لە لایەکی تر) دژ بەیەکەن؟
لە کاتێکدا لاهور شێخ جەنگی بە ئاشکرا و بە بڕیار، لە پێناو هەڵسانەوە (بەر لە کۆنگرە و دوای کۆنگرە)، کاری لەسەر ئەوە دەکرد کە یەکێتی لە ژێر سێبەری قورس و هەژموونی پارتی دەربهێنێ، کەچی گەڕانەوە بۆ یەکێتییەکەی مام جەلال پێویستی دەکرد یەکێتی بەردەوام بێت لەو دۆخەی کە تیای بوو، واتە دۆخی قەبووڵکردنی هەژموونی پارتی و حاڵەتی بە “بارمتەگیراویی یەکێتی” لە چوارچیوەی ئەم هەژموونەدا.
هەر ئەم دژایەتییەش بوو کە خۆی بە جوانی دوای کۆنگرە خۆی دەربڕێ، کاتێک بافڵ تاڵەبانی چوو بۆ لای مەسعود بارزانی، لە کاتێکدا مەسعود بارزانی بە هیچ شێوەیەک رازی نەبوو لاهور شێخ جەنگی ببینێ، بە هەر حاڵ لاهوریش رازی نەبوو وەک کورد دەڵێ “بچێتە خزمەت بارزانی لە سەری رەش، بەو شێوەیەی کە بارزانی دەیخواست.”
دەرەنجام: تۆ ناتوانیت لە لایەکەوە هەوڵی هەڵسانەوە و نوێبونەوەی یەکێتی بدەیت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بەوە رازی بیت کە بگەڕێیتەوە بۆ یەکێتیەکەی مام جەلال، ئەو یەکێتییەی کە دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، بە تایبەتیش دوای ٢٠٠٣ و لەوێشدا هەڵپەی مام جەلال بۆ وەرگرتنی کورسیەکەی سەرۆک کۆماری، رازی بوو بە بەرجەستەکردن و جێگیرکردنی هەژموونی پارتی و ئەو دەسەڵاتە، کەم یا زۆر، رەهایەی کە ئەو حزبە لە ٣١ی ئابدا بەدەستی هێنابوو. . .
زۆر بە کورتی و زۆر بە چڕی: ئەم دژایەتییە لە ٨ی تەمموزدا تەقییەوە!
————–
رۆڵی تورکیا و پارتی
کێشەکانی لاهور لەگەڵ تورکیا
١) بە تایبەتی لە ماوەی دواییدا، لاهور بە ئاشکرا رایگەیاندوە کە یەکێتی هەرگیز ناچێتە ژێر باری شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە؛
٢) یارمەتیدانی رۆژئاوای کوردستان لە روی سەربازی و دیپلۆماسییەوە، کاتێک ئەو بەشەی کوردستان کەوتە ژێر هەڕەشەی داعش.
ئەی پارتی بۆ؟
ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا لە وتارێکمدا باسی ئەوە دەکەم کە پارتی باوەڕی بە شۆک و تۆڵەسەندنەوەی توند هەیە لەبەرامبەر دژەکانیدا، هەر کاتێک ئەم دژانە بووبنەتە و ئاڵنگاری و هەڕەشە بۆ سەر هەژموون و قەلەمڕەوی پارتی: ٣١ی ئاب ئەو شۆکە بوو کە پارتی لە یەکێتی دا؛ کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەریش ئەو شۆکە بوو کە پارتی لە گۆڕانی دا.
بە پێی ئەم بۆچوونە یەکێتی، هەر لە ریفراندۆمە ناسەرکەوتووەکەی ٢٠١٧وە، کۆمەڵێک هەنگاوی هاویشت کە هەموویان لە لایەن پارتییە وەت ئاڵنگاری بۆ ئەو حزبە خوێندرانەوە و بەم پێیەش پارتی چووە پێگەی تۆڵەسەندنەوە لە یەکێتی. لە راستیدا هەر هەنگاوێک لەوانە بە تەنیە، بە پێی بۆچوونی پارتی، پێویستی بە شۆک و تۆڵەی پارتی هەبوو.
ئەم هەنگاوانە چین، کە هەر یەکێکیان شایستەی تۆڵەو شۆکن لە لایەن پارتییەوە؟: ١) ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ ٢) دەستشکانەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە تیایدا بەرهەم ساڵح براوە بوو و کاندیدی پارتی و بارزانیش دۆڕاو بوو، واتە لەم “زۆرانبازێ” سیاسییەدا نەک هەر پارتی بەڵکو کەسیی بارزانی دەستی شکایەوە، چونکە فوئاد حوسێن کاندیدی شەخسیی بارزانی بوو، بەر لەوەی هی پارتی بێت؛ ٣) بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، بە تایبەتی دەنگی یەکەمی لاهور لە کۆنگرەدا؛ ٤) لە دوای کۆنگرە لاهور هەرگیز ئەوەی قەبوڵ نەبوو بچێتە ژێر باری قورسی هەژموونی پارتی و بارزانی؛ ٥) یەکێتی، بەڵام زۆر بە تایبەتی ئاراستەی لاهور لەو حزبەدا، تا ئێستا رێگر بوونە لەوەی مەسعود ببێ بە مەرجەعی “نەتەوەیی،” لە باشوری کوردستان.
ئەوەشی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە کە پارتی پێی وایە لە هەر پێنج رووداو و بابەتەکانی سەرەوەدا لاهور رۆڵی کلیلی بینیوە. تەنانەت لەوەش گرنگتر، پارتی ئەوە باش دەزانی کە ئەو پشتگیریە جەماوەرییەی لاهور بەدەستی هێناوە هی ئەوەیە کە ناوبراو “کۆدی بەرەنگاربوونەوەی پارتی و “وتنی نا بە پارتی” بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربردووە بۆ جۆش و خرۆشدانی ئەو جەماوەرە.”
بە هەر حاڵ، ئەگەر چی زانیاری کەمە لەسەر رۆڵی راستەوخۆی پارتی لە کودەتاکەی ٨ی تەمموزدا، بەڵام ئەگەر قسەکانی لاهور شێخ جەنگی، کە لە ١٥ی ئەم مانگەدا کردنی، بە بنەما وەرگرین، ئەوا پارتی و تورکیا هەردووکیان رۆڵی گاریگەرییان لەم رووداوەدا هەبووە.
هەڵوێست و قسەکانی ماوەی دوایی لاهور، هاوتەریب لەگەڵ هێڕشی بەردەوامی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان دژ بە پەکەکە، وە هاوکات پێویستیی پارتی بەوەی کە ململانێ خۆی و پەکەکە لە ململانێی حزبی بکات بە هی هەموو باشوری کوردستان، بە توندی تورکیا و پارتی لە یەک بەرەدا کۆکردەوە، ئەگەر چی ئەم “بەرەیە” شتێکی تەواو نوێ نییە!
دەرەنجام و قسەیەکیش روو لە داهاتوو:
١) زۆر دەمێکە پارتی و یەکێتی، بوون بە دوو کۆمپانیا کە، بە ناوی کوردایەتییەوە، کۆمەڵێک سیاسیی چاوبرسی و تەماحکار، زۆر بە تایبەتی دوو بنەمالە، بزنسی پێوە دەکەن و وەبەرهێنانی تیادا دەکەن. ئەوەی لە ٨ی تەمموزدا رویدا دەکرێ دەرهاوێشتەی ئەم پێشوەچوونە بێت، واتە دەکرێ تەواوی شەڕەکە دیسان لەسەر بزنس بێت!؛
٢) کودەتاکەی ٨ی تەمموز نەک هەر کۆتایی بە کۆمەڵێک ململانێ و دیاردەی دزێوی ناو یەکێتی نەهێنا، بەڵکو رووداوەکە ململانێکانی پشتپەردەی هێنایە پێش پەردە، وە بووە سەرەتایەک بۆ رووداوی لەم چەشنە لە داهاتووشدا؛
٣) سەرکردە گەندەلەکانی نەوەی یەکەم لە رێگای “خەباتی” شاخەوە دەستیان گرت بەسەر دەسەڵاتدا، بەڵام نەوەی دووەم لە رێگای گەندەڵیی سیاسی و ئابووری، هەروەها ئیرسی سیاسییەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتوە؛
٤) دوای ٨ی تەمموز ئیتر پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی چیتر پارێزراو نین لەوەی کە لەو بنەماڵەیەشدا کودەتای لە جۆری ٨ی تەمموز روونەدات، بەڵکو روو لە داهاتوو ئەمە ئەگەرێکی زۆر کراوە و بەهێزە؛
لە راستیدا ئەگەر لە ناو یەکێتی هێشتان باس لە دوو نەوە دەکرێ بەڵام لە ناو پارتیدا تەنانەت ململانێکە لە ئێستادا لە نێوان سێ نەوە، بەڵکو تەنانەت چوار نەوەشدایە: ١) نەوەی یەکەم مەلا مستەفا، ٢) نەوەی دووەم مەسعود و ئیدریس بارزانی، ٣) نەوەی سێهەم کوڕ و برازاکانی مەسعود بارزانی، ٤) چوارەم کوڕەزاکانی مەسعود لە لایەک وە کوڕەزاکانی ئیدریس بارزانی لە لایەکی ترەوە؛
٥) من باوەڕم وا نییە کودەتاکەی ٨ی تەمموز، لە دوور مەودادا کۆتایی بە لاهور شێخ جەنگی هێنابێت، بەڵکو ئەگەری گەڕانەوەی ئەم سەرکردەیە چ لە چوارچێوەی یەکێتیدا چ لە چوارچێوەی هێزێکی سیاسی نوێدا، ئەگەرێکی کراوەیە، بە تایبەتیش بە هەمان ئاراستەی بەکاربردنی کۆدی دژایەتیکردنی هەژموونی پارتی؛
٦) ئەگەر دوای لاهور سەرکردەکانی یەکێتی بگەڕێنەوە قاڵبە کۆنەکەی پێشوو واتە یەکێتییەکەی مام جەلال، بە واتایەکی دیکە قەبوڵکردنی هەژموونی پارتی، ئەوە بە مانای ئەوە دێت کە خەونی هەڵسانەوە و نوێبوونەوە قەبر کرا، چونکە کۆدی بەهێزیی لاهور و سیحری هەڵسانەوە و نوێبوونەوە هەمان شت بوو، ئەویش وتنی نا بوو بە هەژموونی پارتی. . .
ئەوە راستە، کە ئێستاش جەماوەری یەکێتی دەخوازێ بە پارتی بڵێ نا، بەڵام لە ئێستادا (بە هەر حاڵ ئەگەر بۆ کاتێکی کورتیش بێت) ئەم جەماوەرە ئەو رەمز و سەرکردەیەی لەدەستداوە کە بە دەنگێکی بەرز بە پارتی دەوت نا؛
٧) رووداوەکەی ٨ی تەمموز یەکێتی، بە تایبەتی بافڵ و قوبادی، خستە بەر تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورس، تەنانەت یەکلاکەرەوەش: تاقیکردنەوەکەش لە شێوازی پرسیارێک خۆی دەردەبڕێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا بە راست مەبەست لە کودەتاکەی ٨ی تەمموز چاکسازیی بوو، وە ئەگەر وایە جەماوەری یەکێتی، بە تایبەتی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی، دەبێ بۆ چەند ماوە چاوەڕوان و “تەحەممول” بکەن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییە یا پێچەوانەکەیان بۆ پشتڕاست ببێتەوە؛
٨) رووداوی ٨ی تەمموز زام و برینی جەماوەری خەڵکی کوردستانی قوڵتر کردەوە، بێهیوابوونی لە سیاسەت و توێژ و دەستەبژێری سیاسیی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارتر لە جاران. . . بەم مانایەش ئەم رووداوە کار و خەباتی ئەو کەسە دڵسۆزانەی ئەستەمتر کرد کە مەبەستیانە باشوری کوردستانی لەو هەڵدێرە بگەڕێتەوە و خەڵکی کوردستانیش هیوای بە دوارۆژ و سیاسەتکردن و توێژی سیاسی بۆ بگەڕێتەوە؛
٩) ماوەیەکی زۆرە باشوری کوردستان پێویستی بە هەژان و تەکانێکی سیاسیی هەبووە.
جا دەکرێ رووداوەکانی ٨ی تەمووز ببن بە سەرەتای تەکانێک، کە ئێمە سەرەتاکەمان بینیوە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانین پێشبینی داهاتووی ئەم تەکانە بکەین. لە رۆژانی داهاتوودا دەکرێ شاهێدی دوو ئاراستە و شێواز لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم تەکانە بین: یەکێکیان دەخوازێ، تا بکرێ، کاریگەرییەکانی ئەم تەکانە تا بکرێ قوڵ و فراوانتر بکات نەک هەر لە پانتایی یەکێتی نیشتمانیدا بەڵکو لە تەواوی پانتایی سیاسی باشوری کوردستان، بەڵام لە بەرمابەردا ئاراستەکەی تریان کار دەکات بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەم تەکانە!