دوای ئەوەی لەگەڵ کەس و کاری شەهیدان کۆبویەوە لە پاش کودەتا-زەردەکە، لاهور جەنگی ڕایگەیاند دەستبەرداری کورسی هاوسەروەکایەتی دەبێت و ئاماژەی بە ئەوەشدا کە شەڕی گەڕانەوە ناکات، نایەوێت لە پێناو دەسەڵات و سەروەکایەتی ڕێخراوێکی سیاسی خوێنی خەڵکی بڕێژرێت و ناوچەی سلێمانی و ئیدارەکانی دەروربەری ڕاپێچی شەڕێکی هاوردەکراو بکات.
لاهور جەنگی تەواوی دەسەڵاتە سەربازی و ئابووری و میدیا و هەواڵگیریەکانی لە خۆی داماڵی لەبەرامبەر ئامۆزاکەی بافڵ تاڵەبانی. چاودێران ئەم جوڵە بە “کودەتایەکی بێ-خوێنڕشتن” وەسف دەکەن بە ڕابەرایەتی تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستان و ئامۆزاکەی بافڵ تاڵەبانی. لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەس و کاری شەهیدان لاهور جەنگی دەڵێت، “دڵ و هەستم لە بافڵ پاکە وەک پەڕەی سپی و ئەو خوێنی منە”. “من بەبێ دەنگی دەمێنمەوە بۆ ئەوەی پەنجەی منداڵێک خوێنی لێ نەیەت”.
داماڵینی لاهور جەنگی لە دەسەڵات بەخێرای چاوتروکانێک، بەشێکی زۆر لە چاودێرانی توشی شۆک کرد. لاهور جەنگی پەنجەی تۆمەتی ڕاکێشا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەلایەن خوێنی بارزانێکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێت. بارزانی و نەوەکانی لە پاش دەرکەوتنی لاهور جەنگی لەسەر شانۆی سیاسی ڕێخراوە سیاسیەکەی هەمیشە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و نا-ڕاستەوخۆ لاهور جەنگیان بە تەگەرەی بەردەم پرۆژەکان و کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان دەبینی. زمانێکی باوی میدیا و لێکۆڵرەوانە دروستبووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکارێکی گەورەی پرۆژە تورکەکانە بۆ زیندوکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی مۆدێرن لە باکووری عێراق بۆ ئەوەی ببێتە سەرداری ناوچەکە و بەسەر حیزبە بەرهەڵستکارەکانیدا سەرکەوێت. تەنانەت پرۆژەی ڕیفراندۆمی ساڵی ۲۰۱۷ بە کارنامەی تورکیا سەیر دەکرا بۆ دورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و کارکردن بە ئەجێندای تورکیا.
هێشتا زوە باس لەوە بکرێت کە کاریگەری لادانی لاهور جەنگی لەسەر دەسەڵات چیە. هێشتا نازانرێت دورکەوتنەوەکەی هەمیشەییە یان کاتی. لە زۆرینە ڕوەکانەوە لادانی لاهور جەنگی لە بەرژەوەندی قوباد تاڵەبانیە، کە ماوەیەکی درێژە پەیوەندیەکانی بە پێچەوانەی لاهور جەنگیەوە زۆر باشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک جێگری سەروەک وەزیران. لە ساڵی ۲۰۱۲ پاش هاتنی نەخۆشی بەرەو ڕووی جەلال تاڵەبانیەوە، سیراع و پێشبڕکێ گەورە هەیە بۆ شوێن گرتنەوەی لەنێو باڵە جیاوازەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
سیگناڵەکان ڕوونن، بەگوێرەی ئاژانسی ال-مۆنیتۆرین ئەمریکی تورکیا ئاسوودەیە بە دوورخستنەوەی لاهور جەنگی لەسەر دەسەڵات. بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی “چەسپاندنی پێگەی بافڵ تاڵەبانی وەک دەسەڵاتی یەکەم، نەک دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەستێوەردانەکانی حوکمەتی ناوەندی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستانەوە بە چەند پلەیەک”. هەرچۆنێک بێت دەزگا تورکیکان ئاسودەیە بە هەر ئەنجامێک کە لە پاش نەمانی لاهور جەنگی دێتە ئارا، چونکە ماوەیەکی درێژە تورکیا پێگەی لاهور جەنگی وەک پارێزەرێکی پەکەکە سەیر دەکات.
نهێنیەکی ئاشکرا هەیە کە گروپە چەکدارەکانی پەکەکە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ئاسوودەن و دەتوانن چالاکی بکەن و سنوور مەدەنی سلێمانی بکەن بە ناوچەی هێشتنەوە خۆیان، بەڵام لە سنووری پارتی دیموکراتی کوردستان کە پڕە لە سەرباز و تۆڕی هەواڵگیری هاوردەکراوی تورکی بۆ ڕاونانی ئەندامان و چالاکیەکانی پەکەکە ڕێگرە لەوەی بتوانن چالاکی لەو سنوورە بکەن. تورکەکان ئەوە بە باشی دەزانن کە ئەندام و سەربازانی پەکەکە لە زۆر سلێمانی خەریکی قاچاخچێتین بۆ دەسکەوتنی داهات و سەرباری ئەوەش چەندین جار سەربازی برینداری پەکەکە لە سلێمانیدا چارەسەری وەرگرتووە و پشتیوانی تەندروستی پەکەکەش زۆر دەکرێت کە تورکیا لاهور جەنگی بەسەر پەرشتیاری ئەم هێڵە دەزانی، کە دیارە دزەکردنی ئەم زانیاریانە کە زۆنی سلێمانی پشتیوانی پەکەکە دەکات لە چەند ڕویەکەوە کاری دەزگای دەم و تۆنی دەنگی قوباد تاڵەبانیە بۆ گوێچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لادانی لاهور جەنگی پرسێک دەوروژێنێت کە ئایا بافڵ تاڵەبانی دەچێتە جەنگی دژ بە پەکەکە بەشێوەیەکی شاراوە؟. ڕونکردنەوەی ئەم پرسیارە قورسە. تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پاش ئەو سەعیە زۆرە و داتا زۆرە کە کۆیان کردەوە لەسەر “سۆزی ڕای گشتی سلێمانی” بۆیان دەرکەوت کە هێشتا پەکەکە ئامادەی هەیە لەلای سۆزی خەڵکی ناوچەکە، بۆیە ئەگەر بافڵ تاڵەبانی بیەوێت سلێمانی بکاتە زۆنێکی مەترسیدار و ڕەتکەرەوە بۆ پەکەکە ئەوا خەڵکی ناوچە ڕێگە نادات چونکە خەڵکی ناوچەکە هێشتا چالاکی پەکەکە بە بەشێک لە شۆڕشی کوردایەتی دەزانن دژ بە داواکردنی مافی ڕەوای کوردەکان لە بەشی باکوور. تورکیا دەبێت لەوە تێبگات هەستی دژە-تورک زۆر لە ئارایە لەلای خەڵکی تەواوی پارچەکانی کوردستان. خەڵکی بەو جۆرە باس لە دژایەتی ئێران ناکەن. برا-کوژی و پێکدادانی سەربازی لەنێوان هێزە کوردیەکاندا هەستێکی باو نیە و خەڵکی ناوچەکەش زۆر بێزارن لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە. کەواتە بافڵ تاڵەبانی ڕاکێشراوەتە نێو خواستەکانی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی بەرەی تەوری برا-کوژی دروست بکەن دژ پەکەکە بەڵام ئەم هەنگاوە پێشوازی لێ ناکرێت و شکسخواردوە بۆ خەڵکی زۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە پاش ئەو چاوپێکەوتنەی کە جەمیل بایک لە ۱٥/۷/٢٠٢١ کردی لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی، خواستی پەکەکەی بۆ ڕای گشتی ڕونکردەوە کە نایەوێت بە هیچ شێوەیەک شەڕی برا-کوژی بکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیەکی زۆر ئاڵۆز و بتەوی هەیە لەگەڵ تورکیا ئەمەش تیژبونیەتی لەسەر خواستی ئیحتیمالەی ڕودانی شەڕ لەگەڵ پەکەکە. چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان ئارامی لەبەر هەڵگیراوە بەهۆی ئامادەی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر دەستیدا و بۆمبارانەکانی تورکیا ناوچە شاخاوی و گوندنشینەکانی وێران کردوە. بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر جار بیری ئەوە دەکاتەوە کە تەکنەلۆجیا سەربازی تورکی لە پشتیەتی ئەگەر بیەوێت شەڕی پەکەکە بکات و دەبێتە سەرداری ناوچەکە بەتەواوەتی.
لە کۆتیادا، کاریگەری لادانی لاهور جەنگی ئدارەی سلێمانی ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت ئەوا ڕاپێچی شەڕی پەکەکە دەکرێت یاخود وا لە زۆنی سلێمانی دەکرێت کە داڵدەی پەکەکە نەدا و پشتیوانیان نەکەن. ئەمەش گرنگیەکی ستراتیژی هەیە بۆ تورکیا کە ئیدارەی سلێمانی لە پەکەکە بکات یان ناکۆکی لەنێوان ئیدارەی سلێمانی و پەکەکە دروست بکات بۆ ئەوەی پەکەکە لە کاردانەوەدا چالاکی میلیشیا وەک چۆن لە هەولێر ئەنجامدەدات بەهەمان شێوەش لە سلێمانی ئەنجامی بدات و خەڵکی سلێمانی و چینی دەسەڵاتی بهێنێتە بەرەی سۆزی دژ بە پەکەکە و کاتێک شەڕ جاڕدرا یان ئۆپراسیۆنێک بکرێت تورکەکان دڵنیان بن لەوەی هیچ هێزێک لە ناوچەکە پشتیوانی ناکات و داڵدەیان نادات. هێشتا نازانرێت جوڵەی ئایندەی لاهور جەنگی چی دەبێت لە پاش دورکەوتەنەوەی لە دەسەڵات، بەڵام بژاردەی دەزگای ئاینی و دروستکردنی ڕێخراوی سیاسی نوێ زۆر جار قەپەڵ لە هاندەری لاهور جەنگی دەکرێت لەژێر خەیاڵی جەماوەرێکی زۆر. بەڵام ئەم جوڵەیە ئەگەر لاهور جەنگی دەستی بۆ ببات ئەوا ئیدارەی سلێمانی بەشێوەی بازنەی مێژووی لە ۲۰۰۹ بۆ ۲۰۲۱ دەخولێنێتەوە بە هاوکاری هێزە داکشاوە بەرهەڵستکارەکان چونکە ئەوە ڕونە کە حیزبی نوێ ناتوانێت هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ببەزێنێت لەسەر دەسەڵات.