ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەوکاتەی دەزگای دژە تیرۆر بێ سەرپەرشتیار دەبێ، مام راستەوخۆ لاهوری شێخ جەنگی هەڵدەبژێرێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە… ئاخر مام یانی مام جەلال تاڵەبانی،
یانی دەریایەک لەئەزمون و دنیادیدەیی و سەلیقە و وردبینی،
مام واتە خوێندنگەیەک لەدووربینی و مرۆڤناسی…
ئیتر دوای ئەمە ئەم دەزگایە بوە سەکۆیەک بۆ ئارامی و ئۆقرەیی و دڵنیایی خەڵکی کوردستان ، بەتایبەتی لەدژی تیرۆریستان و هێرشە توندرەویەکانیان
مامی بەئەزموون و حەکیم ، کاتێک لاهوری هەڵبژارد داعش دروست نەبوو بوو. رووداوەکانی کۆبانی و عەفرین رووینەدابوو
بەڵام وەختێک
تیرۆریستان لەکەرکوک بۆماوەی ٢٤ سەعات لەناو جەرگەی شاری کەرکوک جەواهیر مۆڵیان کۆنترۆڵکرد و هێزەکانی دژە تیرۆر توانیان بەتەکنیکی سەربازی نوێ عەمەلیەی ئازادکردنی مۆڵەکە و کەرکوک جێبەجێبکەن
وەختێک:
کە داعش لەگوندی تەپەی مەلا عەبدوڵا مرخی لەکەرکوک خۆشکرد و دژە تیرۆر و لاهور بەفریاکەوتن
(وێنەکان ماون کە کۆسرەت رەسوڵ و رەفعەت عبداللە و شێخ جەعفەر و محمود سەنگاوی و ئاسۆ ئەڵمانی و عەدنانی حەمەی مینە و زۆری تر لەفەرماندەکان. لەچواردەوری لاهور کۆبونەتەوە و ئەمیش جیهازەکەی بەدەستەوەیە)
وەختێک گەشتە کۆبانی و فریای کوردانی ئەوێ کەوت
هەموو ئەمانە پێمانی وت کە مام جەلال لەهەڵبژاردنی لاهور بۆ سەرپەرشتی دژە تیرۆر چەندێک راست و دروست و بەسەلیقە بوە
هەروەک لەدیوەکەی تریشدا، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کەچەندین دوژمنی ئیقلیمی و ناوخۆیی بۆ لاهور جەنگی دروست دەبێت و لەناوخۆی حیزبەکەیشی ناحەز و لەناو ماڵی تاڵەبانیش خەڵکی بۆ دروست دەبێت کە ئیرەیی پێ ببەن
هەموان لەیادمانە لەدوای نەخۆشکەوتنی مام، هیچ کەسێک وەک ماڵی مام جەلال بێکەس نەبوو
هەندێک
رۆژێک داوای بینینی لاشەی مامیان دەکرد لەهێرۆخان و دەیانوت مام جەلال نەماوە و دەیشارنەوە
هەندێک داوای پرکردنەوەی کورسیەکەی سەرۆک کۆماریان دەکرد، خوا ماڵی شیعە و سونەکان ئاواکات کەوتیان تا مام جەلال مابێت، روومان نایە کەس لەسەر ئەو کورسیە دابنێین. ئەگەر نا هەر ئەوکات گۆمەکە پر دەبوو لەخوێن
هەر لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال:
هەندێکی تر ناوەندێکی بڕیاریان دروستکردوو، وتیان بریار نابێ لەدەباشان بدرێ و ئێمە ناوەندو بریاردەری یەکێتین و ئیتر کۆتایی بەدەوری ئێوە هات
کارەکە گەشتە ئەوەی کە جارێک بریاری سزادانی لاهور جەنگی و شاناز برایم ئەحمەد بەیەکەوە بدەن، ئەمە جگە لەچەندین رووداو و پێشهاتی تر کەهەندێکیان هەر خەڵک تا ئێستا نەیزانیوە
بەڵام لەهەموو ئەمانەدا کەس بەهێندە ماڵی مام جەلال بێکەستر نەبوو. چونکە
مام جەلال لەنەخۆشخانە بوو لەئەڵمانیا
بافڵ تاڵەبانی لەدەرەوەی وڵات بوو زۆرتر لای باوکی بوو،
هێرۆخان دوای شکستی هەڵبژاردن لەمەڵبەندی سلێمانی کشابویەوە و رۆژ دوای رۆژ چاکنەبوونی مامجەلال ئەمیشی توشی نەخۆشی زیاتر دەکرد
قوباد تاڵەبانی تازە لەئەمریکا گەرابویەوە و بەرپرسی فەرمانگەی زانیاری وهەماهەنگی حکومەتی هەرێم و دواتر جێگری سەرۆک وەزیران بوو. کەمتر لەناوکێشەکان دەگەشت
شاناز بەرپرسی ناوەندی دەرەوە بوو، تەنانەت مەکتەب سیاسی کۆنی یەکێتیی ئیعترافیان پێنەدەکرد و هەر رۆژە گێچەڵێکیان پێدەکرد
لەنێوان ئەو هەموو بێکەسی و بێ دەرەتانیە کەدوای مام رووی لەخانەوادە کردبوو، تەنها کەسێک لەپشتی هێرۆخان و بافڵ تاڵەبانی بەراستی مایەوەو پشتی نەکردە ئامۆزاکانی و پیلانەکانی هەڵدەوەشاندەوە ، لاهوری شێخ جەنگی بوو کە بەهۆی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و بەسەلیقەی خۆی ئەمانەی کرد
کەواتە ئەگەر لاهور خیانەتی بکردایە لەوساڵانی پێشتر زۆر بەئاسانی دەیتوانی ئەمە بکات
دەیتوانی لەگەڵ کۆنەکانی مەکتەب سیاسی و دوژمنە زۆرەکانی ماڵی مام جەلال دەست تێکەڵ بکات ، ئیتر چ پێویست بەجاسوس و ژەهر دەکات؟
لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانیش خەڵکانێک نەک باوەریان بەیەکێتیی نامابوو بەڵکو روویان نەدەهات هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن و بچنە ناو جەماوەر، ئەوە لاهور بوو لەگەڵ کاندیدەکان و بەجۆش و خرۆشەوە دەیانوت رێبازی مام جەلال دەمێنێ و یەکێتیان لەدۆرانێکی حەتمی رزگارکرد
ئەوەی لەدوای هەشتی تەموزەوە دەگوزەرێ، هێشتا دیوی تابلۆکە بەتەواوی دەرنەکەوتوە و جۆرێک لەسەرسورمان و شۆکی بۆ خەڵک و جەماوەری یەکێتیی دروست کردوە و خەڵکانێکی زۆر لێی تێناگەن و دۆش داماون ، بەڵام ئەوەی کەدەردەکەوێ ، دیارە کە شکاندنی لاهور ، پشتشکانی یەکێتیی یە بەجۆرێک کە گورزی توند لەمەدا بەر ئامۆزاکانی لاهور دەکەوێ، وە زۆریش ناخایەنێت هەموان ئەوە دەبینین
چونکە ئەگەر لاهور گۆشتیشی خواردبێت، ئەوا ئەمانەی ئێستا کەلەدەوری بافڵ کۆبونەتەوە رۆژێک دێت ، نەک هەر گۆشتەکە ئێسقانەکەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەشکێنن
هەڵوێست پشدەری