سنورمیدیا

دوای ئەوەی دەستیان بەسەر ژمارەیەك پەیجدا گرت، لەئێستادا بافڵ تاڵەبانی ئەو پەیجانە بۆ هێرشكردنەسەر لاهور شێخ جەنگی بەكار دەهێنێت.

كەمێك پێش ئێستا ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی كە هێرشی توند دەكاتەسەر لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە لۆگۆی ژیانەوە لە پەیجی پێشووی ماڵپەڕی ژیان بڵاوكرایەوە.

دوای ئەو ڕاپۆرتە دەزگای میدیایی ژیان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند”هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە ئەم پەیجە لە رووداوەکانى 8ى تەمووز دەستى بەسەردا گیرا، ئێستا ئێمە خاوەنى نین و پەیجى فەرمى ئێمە تەنها Zhyan Media”.

ئاماژەی بەوەشكردووە” بەداخەوە پەیجی “ئێستا” دوور لە هەموو ئەخلاقێکی رۆژنامەنووسی بۆ چەواشەکردنی هاوڵاتیان، هەستاوە راپۆرتێک کە خۆیان ئامادەیان کردووە، بە ناو و لۆگۆی تۆڕی هەواڵی ژیانەوە، لە پەیجە دزراوەکەی ژیان پۆستیان کردووە”.

ئەمەش لەكاتێكدایە ڕۆژی 13ی ئەم مانگە، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، هێزێكی سەربازی چوونەسەر دەزگای میدیایی ئایی پڵەس و ژیان و بەو هۆیەوە دەستیانگرد بەسەر ژمارەیەك پەیجدا، لەناویشیاندا پەیجی ژیان.

سنورمیدیا ئەوەی زانییوە ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەكەی كە هێرش دەكاتە سەر لاهور شێخ جەنگی، لەلایەن ئەحمەد نەجم، ڕاوێژكاری میدیایی بافڵ تاڵەبانییەوە سەرپەرشتی كراوە و كاری تەكنیكیی و دەنگیشی لە تۆڕی میدیایی ئێستای سەر بە بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەنجام دراوە.