بەدران محێدین

 

دەستەواژەی تەواو بوونی گێمی یەکەم دەستەواژەیەکی وەرزشیە و راھێنەرەکان بە مانای ئەوە بەکاری دەھێنن کە ئەوەی لە گێمی یەکەم ڕوو دەدات ھێزە کە نیوەی ئەنجامەکە دیاری دەکات و لە گێمی دووەم ئەوەی بە تەواوی ئەنجامەکە یەکلا دەکاتەوە ئەقل و ھزری راھێنەرە.

ئەوەی لە ٨ ی تەموز ڕوویدا لە مێژووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕووداوێکی نوێ نەبوو بەڵام دەتوانین بڵێین؛ شێوازێکی نوێ بوو لە کێشە یەکڵاکەرەوەکان، رەنگە لە ماوەیەکی کورت نا بەڵام زۆر درێژخایەنیش نا ھەموومان دەرئەنجامەکەی ببینین، ئەگەرچی زۆریش ئاسان نیە ئیدارەدانی دۆخەکە بەڵام بۆ ھەموومان ئاشکرایە ئیتر یاریەکە زۆر ئەستەم و زەحمەت دەبێت لە ماوەی داھاتوو.

لە ناو یەکێتی نیشتیمانی بەر لە کۆنگرە جەمسەر و باڵی زۆر ھەبوون، ئەوەی توانی ئەو جەمسەرانە لاواز بکات لاھوری شێخ جەنگی بوو، ئێستا بە دور کەوتنەوەی ئەو کارەکتەرە ھەموو باڵ و جومگەکان خەریکی خۆ رێکخستنەوەن و والێ داوای زۆر زیاتر دەکەن کە لە کۆنگرە داوایان دەکرد و شەری مانەوەشیان دەکرد، بەڵام ئەنجامەکەمان بینی لاھوری شێخ جەنگی لە شێوەی بلدۆزەرێکی قەبەی سیاسی ھەموو ئەو جەمسەرانەی بەتەواو لاواز کرد کە رێگربوون لەبەر دەم ھەر دوو کوڕەکەم مام جەلال، ئەوە لێرە دەبێتە پرسیار دوای لاھوری شێخ جەنگی کورەکانی مام دەتوانن شەری سیاسی ئەو ھەمووە جەمسەرە بکەن.؟

لە دوای ٨ ی تەموزەوە ئەرکی سەرۆک بە لادانی (ھاو) بە جۆرێک زەحمەت دەبێت رەنگە سەربکێشی بۆ ناو کێشەیی خێزانی، چۆن؟ لە داھاتوو دەنگدانی عێراق دێتە پێشەوە یەکێتی ھیج بەرچاویی ڕون نیە بە ھۆی ئەو دۆخەوە ئاخۆ پێگە و کورسیەکانی تا کوێ بڕ دەکات، لە دوای پرۆسەی عێراق نوێ وەک عورفێکی سیاسی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد و یەکێتی بووە، لە کۆتا جاریش دکتۆر بەرھەم بوو بە سەرۆک کۆمار، شانازی برایم احمد و مەلا بەختیار ھەر یەکەیان بۆ خۆیان لە ھەوڵی ئەوە بوون خۆیان ئەو پۆستە وەربگرن مەلا بەختیار بۆ خۆی و شاناز برایم احمەد بۆ لەتیف رەشیدی ھاوسەری، دژایەتیەکی زۆریان بۆ بەرھەم سالح ھەبوو لە وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڵام بەھۆی نەبوونی دەسەڵاتیان توانایی رێگری کردنیان نەبوو ، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە زۆر بە ڕونی دیارە کە شانازی برایم احمد و مەلا بەختیار لەگەڵ ھەردوو کورەکەی مام جەلال یەک جەمسەرن، ئاخۆ لەو خولەی داھاتوو بافڵ تالەبانی دەتوانێت بەرھەم سالح بکاتەوە سەرۆک کۆمار؟ ئایا شانازی برایم ئەحمەد و مەلا بەختیار دوبارە ئەوە قبوڵ دەکەن؟ بافڵ تالەبانی لە نێوان بەرھەم سالح و شانازی پوری و مەلا بەختیاری باوکی خێزانی و رێنشاندەری ئێستایی کامیان ھەلدەبژێرێت؟رێگای دووەم لە بەردەم بافڵ تاڵەبانی ئەوەیە سەرۆک کۆمار بدات بە پارتی و سەرۆکی حکومەت وەربگرێت کە ئەوەیان تەنیا سودی بۆ برایەکەی دەبێت چونکە ھەر کەسێک لە پارتی و یەکێتی ببێتە سەرۆکی حکومەت تەنیا سەرۆکی حکومەتی زۆنەکەی خۆی دەبێت، بافڵ تاڵەبانی ئەگەر ئەوە بکات یەکێتی توشی قەیرانێکی قولی دیپلۆماسی دەبێت چونکە ھەموو ھێزی یەکێتی لە ڕوی دیپلۆماسیەوە پۆستی سەرۆک کۆمارە ئەوەش بدات بە پارتی ئەوکات یەکێتی دەکەوێتە کوێی ھاوکێشە ھەرێمی و نێودەولەتیەکان.؟

بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی ئیدارەیی ھەمووان بدات دەبێت لە زۆربەی دەسەڵاتەکانی چاوپۆشی بکات چونکە ھەم کەرکوکیەکان و ھەم ھەولێریەکان لە کاتی کۆنگرە داوای پلەی پۆستیان دەکرد بەڵام بە ھۆی کەمی دەنگی کۆنگرەیان لاھوری شێخ جەنگی بێ بەشی کردن، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و ژمارە دەنگی کۆنگرە کاریگەری نەماوە کە زۆر کەسی لە پلە و پۆست بێ بەش کرد، ئەوەش بافڵ تاڵەبانی خۆی ئەو یاساییەی شکاند و وەک خۆی جێ بە جێی نەکرد کە کەسانی تریش داوای پلە و پۆست دەکەن ناچارە رازیبێت چونکە ئەوانیش پێی دەڵێن؛ تۆش وەک ئێمە ژمارەی دەنگەکانی ئەندامانی کۆنگرەت زیاتر نەبووە لە ئێمە، ئەوەش رەنگە پیلان و پرۆژەکانی کورەکانی مام تێکبدات.

ئەوەی ماتەوە بلێم؛ ئەوەی ڕویدا دەبێت بە مێژوو و کە لاھوری شێخ جەنگی ئەوەندەیتر گەورەکرد لە کاتێک لە ھەرەمی دەسەڵات بوو ھێزیان دژی بەکارھێنا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لێ وەربگرنەوە، زۆر بە سادەیی قبولی کرد لە کاتێک دەیتوانی زۆر زیاتر لەو ھێزەی دژی بەکارھات ھێز بەکار بھێنێتەوە کەچی نەیکرد، لە عورفی کۆمەڵایەتی کەسێک کاتێک بتوانێت شتێکی خراپتر بکات لە بەرانبەر ئەوەی خراپی بەرانبەر کراوە کەچی ئامادە نەبیت ئەوە بکات زۆر گرنگە و ئەوەندەی تر بەھێزی نیشانی ھەمووان دەدات، ئیتر با چاوەرێ بین کات ھەموو شتێکمان بۆ ڕون دەکاتەوە و بینەر دەبین ئاخۆ کاروانی(یەکێتی نوێ) بە کوێ دەگات.