كۆسرەت رەسول عەلی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان رایدەگەیەنێت، ئومێد دەكەم ئەم جەژنە بكەینە وێستگەیەكی چارەنووسساز بۆ یەكترقبوڵكردن و كاركردن لەپێناو ئامانجە رەواكانی گەلەكەمان.

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامەكەیدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرە دێرینەكانی گەلەكەمان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی كردووەو هیواشی خواستووە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەكەمان.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزبایی كۆسرەت رەسول عەلی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز

هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز لە تەواوی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەم، جەژنە پیرۆزەی تایبەتی خۆم ئاراستەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرە دێرینەكانی گەلەكەمان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی دەكەم و هیواخوازم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەكەمان.

هەمیشەو بە درێژایی مێژوو، جەژن و بۆنە ئاینییەكان دەرفەتێكی گرنگ بوونە بۆ لێبووردەیی و برەودان بەگیانی پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن، ئومێد دەكەم جەژنی قوربانی ئەمساڵ كە هاوكاتە لەگەڵ دۆخێكی تایبەت لەناوچەكە، بیكەینە وێستگەیەكی چارەنووسساز بۆ یەكترقبوڵكردن و كاركردن لەپێناو ئامانجە رەواكانی گەلەكەمان.
دووبارە جەژنی قوربانی پیرۆز لە سەرجەم كوردستانیان پیرۆز دەكەم.

كۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان