تەندروستیی سلێمانی تۆمارکردنی جۆری گۆڕاوی کۆرۆنای دەلتای ڕاگەیاند و دەڵێـت، “پشکنین بۆ هاوڵاتیان دەکەن.”

 

ڕاگەیاند و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا (19ی تەموزی 2021) ئاشکرای کرد، دوای گەیشتنی تێستی تایبەت بەپشکنین و دیاریکردنی جۆری گۆڕاو لە کۆڤید-19 (دەلتا) بە سەنتەری پشکنینی کۆڤید لە سلێمانی، لەئێستادا لەلایەن تیمی پشکنینی کۆرۆنا لەسەنتەری دەستنیشانکردنی کۆرۆنای گۆڕاو ئەو جۆرە نوێیە تۆمارکراوە.”

دەشڵێت، “دیاریکردنی جۆری گۆڕاوی کۆڤید-19 (دەلتا) لە سەنتەری پشکنینی کۆرۆنا لەسلێمانی دەستنیشانکراوە و پشکنین بۆ هاوڵاتیان دەکرێت.”

 

هەر ئەمڕۆ وەزیری تەندروستیی هەرێم زەنگی مەترسیی لێدا و ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار توشبووی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، دەشڵێت، چەندین حاڵەتی کۆرۆنای دەلتا تۆمارکراوە و خەڵک هەبووە ڤاکسینیشی وەرگرتووە و توشیش بووە.

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (دووشەممە 19ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، “لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە لە هەریم تۆمارکراوە کە 1985 توشبوون.”

 

وتیشی، “چەندین حاڵەتی کۆرۆنای جۆری دەلتا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و چەندێک حاڵەتەکان زیاتربن ڕێژەی بڵاوبوونەوەی زیاتر دەبێت.”

 

لەبارەی ئەوەی هیچ کەس هەبووە ڤاکسینی وەرگرتبێت و توشی کۆرۆناش بووبێت، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، “بەڵێ حاڵەت هەبووە کە هەردوو ژەمی ڤاکسینی وەرگرتووە، بەڵام توشی کۆرۆناش بووە، بەڵام ئەوە نابێتەهۆی ئەوەی بڕوامان بە ڤاکسین نەبێت، بێگومان ڤاکسین کاریگەری گەورەی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.”

 

وەزیری تەندروستیی هەرێم هۆشداری ئەوەیشی دا، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا پێشبینیی ڕوودانی کارەساتی تراژیدی دەکەن و ئەوکات دۆخەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

 

داواشی لە هاووڵاتیان کرد پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان و دووربکەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و تێکەڵاوییە کۆمەڵایەتییەکان.