ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و نەوت غاز رایگەیاند، دوای ئەوەی پێشنیارێکی خستوەتە بەردەم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دوێنێوە هەر لیترێک 100 دینار دابەزی و نرخەکە بەرەو دابهزینه.
رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و نەوت غاز لە نوسینێکدا لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین رایگەیاند، “پێش هەفتەیەک ئاماژەم بۆ ئەوەدا کە دوای بە دواداچونم بۆ پرسی گرانبونی نرخی بەنزین و پەیوەندیکردن بە وەزیری سامانە سروشتیەکان و خستننە ڕوی پێشنیارەکان بۆ چارەسەر کردنی، خۆشبەختانە ڕایدەگەینم کە لە دوێنێوە نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک 100 دینار دابەزی و نرخەکە بەرەو دابهزینه”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕەنگە لێرەو لەوێ وێستگەو بەنزینخانە هەبێت نرخەکەی هێشتان دانەبەزاندبێت، کە ئەوەش بۆ خۆی سەرپێچیی و قۆرخکارییە، بەڵام نرخی بەنزین لە زێتر لە 27 بەنزینخانە لە دوێنێوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییوە.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین تا دێت بەرزدەبێتەوە و لە ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ 775 دینار، یەک لیتر بەنزینی موحەسەن 825 و نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر 900 دینارە.