هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
 
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەھۆی ئەوەی شەوانە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخە، ھێزەکانمان بەجلی مەدەنی و سەربازییەوە بڵاوکردەوەتەوە، ھەروەھا بنکەی پۆلیسی ڕێکاری لەئامادەباشیدان و لەناو بازاڕ و مۆڵەکاندا جێگیرکراون بۆئەوەی ھیچ سەرپێچی و تاوانێک ئەنجام نەدرێت.
 
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد هەروەها رایگەیاند: ھێزێکی ئەمنی ژنان بەجلی مەدەنییەوە لە شوێنە گشتییەکان بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزەکانی ئاسایش و بەرگری شارستانی و تیمەکانی تەندروستی ھاوکارن و ”لەگەڵ ئێمە لە ئەرکدا دەبن“.
 
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ھێزێکی تایبەتیان بۆ گەڕەکەکان داناوە، چونکە شەوانە خەڵکی بۆ کڕین پیداویستییەکانی جەژن ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن، ھەروەھا لەڕۆژانی جەژنی قورباندا ھێزەکانی پۆلیس لە گۆڕستان و شوێنە قەرەباڵخەکان جێگیر دەکرێن.