ن: حسین عمر

هەر ئەوەندەى کە سەرۆک تاڵەبانى ماڵئاوایی لە ژیان کرد، دەست بەجێ میراتگرە یاسایی و نایاساییەکانى لەهەوڵى دەست گرتن بەسەر میراتییە مادى و مەعنەوییەکانییەوە بوون بەبێ ئەوەى هیچ کامیان لەبیری ئەودا بن کە ئەو میراتییە سیاسی و نەتەوەییە زیندووبکەنەوە کە بەجێی هێشتبوو وەک رابەر و خەباتگێڕێک کە ململانێى یەکێک لە هەرە ستەمکارترین سیستمە تاوانکارییەکانى ئەم سەردەمەى کردبوو. کوڕەکانى تاڵەبانى کە لەگەڵ باپیریان دەژیان و لە لەندەن گەوربوون، زۆرترین هەڵپەیان هەبوو بۆ دەست گرتن بەسەر میراتییە مادییەکەى باوکیان بەبێ ئەوەى کە هیچ جۆرە بایەخێک بەڕێگە سیاسییەکەى بدەن و ناوی باوکیان بەکارهێنا بۆ رەوایەتى بەخشین بەخۆیان و ترساندنى رکابەرەکانیان بەتایبەت هاوخەباتەکانى جەلال تاڵەبانى ئەوانەى کە بەئەندازەى باوکیان قوربانییان دابوو.

بەر لە مردنى، تاڵەبانى ریگەى بەهیچ کام لە کوڕەکانى و کەسە نزیکەکانى نەدابوو کە بەشدارى لە کارى سیاسیدا بکەن یاخود هەوڵ بدەن سوود لە پێگەى ئەو وەربگرن بۆ گەیشتن بە مەرامى تایبەتى خۆیان، بەپێچەوانەى بنەماڵەى بارزانییەوە، تاڵەبانى هەردوو کەوڕەکەى (بافڵ و قوباد)ى لەکار سیاسی دوور خستبۆوە و وەک دوو گەنجى ئاسایی ژیانى خۆیان بەسەر دەبرد ئەوەش لەبەر ئەوەى یەکێک لە رەخنەکانى تاڵەبانى لە بنەماڵى بارزانى ئەوەبوو کە ئەو پارتە بۆتە پارتى بنەماڵە و کوڕەکانى بارزانى دەسەڵاتیان بە میراتى بۆدەمێنێتەوە و ئەوانیش وەک میراتیی ئەو دەسەڵاتە بۆ کوڕەکانیان بەجێدەهێڵن بە بێ ئەوەى دەرفەتێک هەبێ بۆ کارى سیاسی هاوبەش یاخود بۆ رەخنەگرتن. جەندین جاریش لە دانیشتنە تایبەتەکاندا جەلال تاڵەبانى نائومێدى خۆى دەربڕیوە بەرامبەر بە تواناى کوڕەکانى بەو پێیەى کە وەک هەرزەکارەکانى ئەوروپا گەورەبوون و بێئاگان لە ژیانى کلتورى و کۆمەڵایەتى کوردستان و هیچ ئومێدێکیشی بەوە نەبوو کە بتوانن رۆڵى سیاسی بگێڕن. لە دواى کۆچی دوایی تاڵەبانى، بەرهەم ساڵح سەرۆک، کۆمارى ئێستا عێراق گەورەترین چانسی جێگرتنەوەى سکرتێرى گشتى پارتەکەى هەبوو، بەڵام هەر زۆر زوو ئەم ئەگەرە رەوییەوە بەهۆى دەرکەوتنى سیماى نوێ لە ناو خێزانى تاڵەبانى کە هەڵپەى دەستگرتنیان بوو بەسەر تەواوى میراتییەکەى تاڵەبانى بۆ خۆیان. هەر لەم سەروبەندەدا بوو کە ئەستێرەى بەختى برازاکەى تاڵەبانى ، لاهور جەنگى کەوتە درەوشانەوە کە پاشخانێکى ئەمنی هەبوو و گوتارێکى سیاسی توندى هەبوو بەرامبەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان و پاوان کردنى سامان و دەسەڵات لەلایەن ئەو بنەماڵیەوە، سەربارى ئەو رۆڵە دیارەى کەهەیبوو لە پشتیوانى کردنى یەکینەکانى پاراستنى گەل دژ بەو هێزە ئیسلامییانەى کەلە باکورى سوریا لە لایەن تورکیاوە پشتیوانى لێدەکرا بە تایبەت لە شەڕى ڕزگار کردنى کۆبانێ.

کەسایەتی لاهور جەنگى و دورشمە ئاشکراکانى زیاتر دەگونجا و دەهاتەوە لەگەڵ بنکەى جەماوەرى یەکێتى بەتایبەت ئەو نەوە گەنجەى کە ناڕازی بوو بەرامبەر بە دەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى و وادەهاتە پێش چاو کە بە بەراورد بە رکابەرکان، گونجاوترین بێت بۆ جێگرتنەوەى تاڵەبانى، ئەمەش بووە هۆى توڕەکردنى ژمارەیەک لە فەرماندە دێرینەکان بە تایبەت مەلا بەختیارى زاواى بافڵ تاڵەبانى، ئەڵبەتە نێوبانگى مەلا بەختیار لە داکشاندا بوو و بنکەى جەماوەرى پارتەکەشی متمانەیەکى ئەوتۆیان پێ نەمابوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کەسایەتییە دەست بەردارى خەونى رابەرایەتى کردنى پارتەکەو جێگرتنەوەى تاڵەبانى لەدەست نەدابوو هەربۆیە کەوتە پلان دانان بۆ هەڵوەشانەوەى گەیشتنى لاهور جەنگى بە پۆستى رابەرایەتى کردنى پارتەکە لە رێگەى کارکردنى بەشێوەى نهێنی لەگەڵ سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەمەش توانى بەرەیەک دروست بکات لە نەیارەکانى لاهور تاڵەبانى کە پێک هاتبوو لە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەو فەرماندە کۆنانەى یەکێتى کە هەستیان کردبوو پەراوێزخراون لەگەڵ هەردوو کوڕەکەى تاڵەبانى.
تەواوى ئەوانەى کە زیانمەند بوون لە درەوشانەوەى ئەستێرەى لاهور جەنگى، هەستان بە هاندانى بافڵ و قوباد لەدژى کوڕى مامەکەیان و ئەو هەستەیان تیایاندا دروست دەکرد کە ئەوان لەپێشترن بۆ جێگرتنەوەى باوکیان. قوباد کە جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمە لەوە لاوازتر بوو کە کەس گرەوى لەسەر بکات بەو پێیەى کە زۆر گوێڕایەڵى سەرۆکەکەى مەسرور بارزانى بوو، بافڵى برا گەورەش کە زیاتر بایەخى دابوو بە پەروەردەکردنى ماسولکەکانى جەستەى تا مێشکى، هاوشێوەى بۆدى گاردەکانى شەقامى لبارات بوو لە لەندەن، هێندەى حەزى بە دەسەڵات و سەپاندنى خواستى خۆى هەبوو، هێندە حەزى بۆ کارى سیاسی نەبوو، بەکورتییەکەى ئەو حەزى بەدەرخستنى خۆى بوو وەک (رامبۆ)یەکى کوردى کە لە تواناى دایە روبەڕووى هەر کەسێک بێتەوە کەدێتە بەردەمى جا بە بۆکس بێت یا بە قسەى ناشرین، تەنانە دەگێڕنەوە دەڵێن کە قسەى ناشرینی بەباپیری منداڵەکانیشی داوە کە مەلا بەختیار دەکات.

تورکیاش زۆر بەووردى چاودێرى دۆخەکەى دەکرد، ناڕەزایەتى خۆى دەربڕى بوو لە هەڵوێستەکانى یەکێتى نیشتیمانى بە شێوەیەکى گشتى و لاهور جەنگى بە شێوەیەکى تایبەت بەهۆى پەیوەندییەکانى لەگەڵ فەرماندەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە سوریا، تەنانەت ئەردۆگانى سەرۆک کۆمارى تورکیا بە توڕەییەوە رایگەیاندبوو کە پارتى کرێکارنى کوردستان دەستى گرتووە بەسەر پارێزگاى سلێمانیدا وەک ئاماژەیەک بۆ هاوسۆزى یەکێتى نیشتیمانى و بە تایبەتر لاهور جەنگى لەگەڵ لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان بەو پێیەى کە چەکدارەکانى بە شێوەى ئازادانە لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى یەکێتى لە جموجوڵدان. ئەوەش کە زیاتر تورکیاى توڕەکرد هەڵوێستى لاهور جەنگى بوو کە رەتى کردەوە شەڕى کورد لەدژى کورد بکات کە مەبەستى پارتى کرێکارانى کوردستان بوو کە لە حاڵەتى رەزامەند بوونى یەکێتى بەو داوایە، تورکیا ئەو بیانووەى دەبوو کە بە شێوەى فەرمى هەرێمى کوردستان داگیر بکات. هەر ئەو هەڵوێستەى لاهور جەنگیش بوو کەواى کرد پلانى تورکیا شکست بهێنێت لە دروست کردنى شەڕى کورد لە دژى کورد. لێرەوە هەوڵەکانى تورکیا دەستى پێکرد بۆ دروست کردنى ناکۆکى و دووبەرەکى لەنێوان کوڕە مامەکاندا بەشێوەیەک کە هانى بافڵى دەدا تا دەسەڵات لە کوڕى مامەکەى وەربگرێتەوە و لەهەمان کاتدا ئومێدى لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کە شەڕێکى خوێناوى بکەوێتە نێوان ئەو دوو کوڕە مامەوە و ئەمەش پاڵ بە پارتى کرێکرانى کوردستانەوە بنێت تا بێتە ناو شەڕەکەوە و ئەو کاتەش تورکیا ئەو پاساوەى دەبوو کە دەستوەردانى راستەوخۆ بکات لەپارێزگاى سلێمانى بە بیانوى شەڕ لەدژى تیرۆر.

ئێرانیش بێلایەن نەبوو لە ململانێى کوڕەمامەکان لەسەر دەسەڵات و دۆخەکەى زۆر بە ووردى لەژێر چاوگرتبوو و لە هەمان کاتیشدا ئامادە نەبوو یەکێک لەناوچەکانى جێ هەژمونى خۆى لەدەست بدات بۆ تورکیا بەڵام ئەویش بە پلەى یەکەم لەگەڵ لاواز کردن و پەراوێزخستنى لاهور جەنگى بوو لەسەر دەستى رکابەرەکەى بەتایبەت کاتێک کە وا بڵاوکرایەوە کە لاهور جەنگى دەستى هەبووە لە تیرۆرکردنەکەى قاسم سلێمانى بەهۆى ئەو پەیوەندیە هەواڵگرییەى کە هەیەتى لەگەڵ ئەمەریکییەکان، هەر لێرەوە بوو کە ئێران بەرژەوەندى خۆى لەوەدا بینییەوە کە لاهور جەنگى لاواز بکرێت تا یەکێتى بە لاوازى و هەڵوەشاوەیی بمێنێتەوە لە ژێر رابەرایەتى کردنە لاوازەکەى بافڵ و قوباد دا. بەم شێوەیە ئێران دەتوانێت بژاردەکانى خۆى بسەپێنێت لەناوچەکە و سنورێکیش بۆ هەژمونى تورکیا دابنێت و هەرێمی فیدڕاڵیش دابەش بکات بەسەر دوو بەشدا بە شێوەیەک کە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى یەکێتى زیاتر هان بدات بۆ دروست کردنى هاوپەیمانێتى لەگەڵ شیعەکان و لەهەمان کاتدا دووریان بخاتەوە لەوەى کەلەگەڵ پارتە کوردەکاندا هاوپەیمانێتى نەتەوەیی دروست بکەن.

لەیەکەمین بەرکەوتندا، دەرکەوت کە لاهور جەنگى کەسێکە کە خاوەن ئەزمون و ئاگایی سیاسی پێویست نییە بۆ درک کردن بە مەترسی و ئەو دژبەیەکییانەى کە لە دەوروبەرى دەگوزەران و واهاتە پێش چاو کە کەسێک بێت هێندەى شارەزابێت لە دروست کردنى دوژمن، هێندە شارەزا نەبێت لە راکێشانى دۆستەکانى بەلاى خۆیدا هەر ئەمەش واى کرد کە دوژمنەکانى یەکبگرن و بەرەیەک دروست بکەن لەدژى و ئەو کەسانەش لێى هەڵبگەرێنەوە کە سەرەتا چەپڵەیان بۆ لێدەدا.

لاهور جەنگى، زۆرترین چانسی ئەوەى هەبوو کە جێگەى تاڵەبانى بگرێتەوە، بەڵام ئەو هێندەى پیاوى هەڵوێستى سیاسی بوو، هێندە سیاسییەکەى بەئاگا نەبوو کە بتوانێت ململانێ سیاسییەکان بەرێوەببات و هەژمون و دەسەڵاتى خۆى زیاد بکات. ئەوەش کە کێشەکەى ئاڵۆزتر کرد تێوەگلانى زۆرێک لەبراو کەسە نزیکەکانى بوو لە گەندەڵى سیاسیدا.

بۆماوەیەک نەیارەکانى تاڵەبانى دەچنە سەر گۆڕەکەى و شاگەشکەی خۆیان دەردەبڕن بەو سەرکەوتنەى کە بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئەوەى تراژیدییە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو سەرکەوتنە بە دەستى کوڕەکانى تاڵەبانى بەدەستهێنرا، کاتێکیش کە تاڵەبانى زیندوو بوو، نەیارەکانى نیو سەدە هەوڵیان دا کە شکستى بدەن، بەڵام نەیان توانى. ئەگەر چی ئەو نەیارانە لە هەوڵى ئەوەدا دەبن کە ئەو میراتە سیاسیەى جەلال تاڵەبانى لەدواى خۆی بەجێى هێشتووە ناشرین بکەن و ژێر خاکى بکەن، بەڵام هەمیشە تارماییەکەى بەسەر سەریانەوە دەبێت و ترسی گەڕانەوەى خەو لەچاویان دەتۆرێنێت.