ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ لێپرسراوانی بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند: ئەرکی سەرەکی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنە و کاری جدی دەکەین بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی. وتیشی، پڕۆسەیەکی گۆڕانکارییان دەست پێکردووە و کرۆکی گۆڕانکارییەکان لە سەر بنەمای توانا و دڵسۆزی و خزمەتکردن دەبێت.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند: ئامانج لە گۆڕانکارییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی کاری باش دەکەن و خزمەتی ھاوڵاتیان دەکەن پاڵپشتی تەواو دەکرێن، بەڵام لە بەرامبەردا قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: بەھیچ جۆرێک ڕێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن، لە کۆتایی وتەکانشیدا جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: تەنیا ئامانج لەم بڕیار و گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و ڕێگریکردن لە ھەر ھەڵە و کەموکورتییەک کە زیان بە ژیان و کاسبی خەڵک بگەیەنێت.