عەتا سەراوى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لەبارەى کێشە و گرفتەکانى نێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى رایگەیاند “نەھاتینایەتە مەیدان ئێسک و پروسکی حیزبێک و گەلێک ئەھاڕدرا”.

 

عەتا سەراوى (16ى تەموزى 2021) لەبڵاوکراوەیەکدا پرسیار لە ئەندامانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى و ئەندامانى ئەنجومەنى باڵاى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى یەکێتى و سەرۆکى کۆمار و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرى سەرۆکى حکومەت و پەرلەمانتارانى یەکێتى دەکات کە ئەوان لە کوێ بوون و دەوریان لەو کێشە قورس و گرانەی ھەرەمی حیزبەکەیان چی بووە.

 

ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى ڕونیدەکاتەوە کە ئەگەر ئەوان و کەمینەیەکى تر نەبووایە کە هاتنە مەیدان ئەوا ئێسک و پروسکى حزبێک و گەلێک ئەھاڕدرا!.

 

لەبەشێکى ترى بڵاوکراوەکەدا عەتا سەراوى ئاماژە بە چارەسەرکردنى کێشەکان دەکات لەناو بارەگاى ئەنجومەنى سەرکردایەتى حزبەکەیى و کۆبوونەوەى هەردوو ئەنجومەنەکە بۆ گوێگرتن لە یەکترى و دراسەکردن و چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشە ناوخۆییەکانیان.

 

جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە تانە و تەشەر ساردیان ناکاتەوە لەو کۆشش و هەوڵانەى کە گرتوویانەتەبەر بۆ رێگریکردن لە “کارەسات”.

 

بەوتەى ئەو ئەگەر ئەو هەوڵانە نەبووایە ئەوا “نەک حیزبەکەمان گەلێک باجی دەدا کە لەبنەڕەت دا بەخوێنی ڕۆڵەکانی ئەوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروست بوە”.