ئێران داوای لە هاوسەرۆكانی یەكێتی كردووە كە دەبێت بەزوترین كات ناكۆكییەكانی نێوانیان چارەسەر بكرێت.
 
بەپێشی زانیارییەكانی سنورمیدیا كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستی كەوتووە، ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دواین پەیامی ئاراستەی هاوسەرۆكانی یەكێتی كردووە و داوایان لێكردوون كێشەكان چارەسەر بكەن و ناكۆكییەكان وەلا بنێن.
 
 
لەبارەی دەنگۆی دەستلەكارێشانەوەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرچاوەكەی سنورمیدیا وتی”ئەو قسانە تەنها دەنگۆن، هاوسەرۆكانی یەكێتی واڕێككەوتوون لەپاش جەژنی قوربان كۆببنەوە و لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی دەسەڵاتەكانیان دیاری بكرێت”.
 
ڕۆژی هەشتی تەموز بەبێ گەڕانەوەی بۆ بڕیاری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرپرسی یەكەمی دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی گۆڕی، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی.