لە ئێوارەى پێنجشەممەى هەفتەى رابردووەوە، دۆخێک لە سلێمانى دەگوزەرێت سەرنجى هەموو لایەکى بەلاى خۆیدا راکێشاوە، هەندێک بە ئیعلانى دۆخى سەربازیی و کودەتا بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا وەسفى دەکەن، کەچى لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى بێ دەنگە و تائێستا نەهاتووەتە سەر شاشەى تەلەڤزیۆن و بە روون و رەوانى بە خەڵک و لایەنگرانى بڵێت ئەمە چییە روودەدات؟

تۆڕی هەواڵی ژیان كە لاهور شێخ جەنگی، خاوەندارێتی دەكات بڵاویكردەوە، کۆتایی هەفتەى رابردوو کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى تەقینەوە و بە ئاشکرا دەرکەوتن، سەرەتا وا راگەیەندرا کە کێشەکە لەسەر گۆڕینى چەند بەرپرسێکى ئەمنییە، بەڵام دواتر کەسە نزیکەکانى لاهور شێخ جەنگى ئاشکرایان کرد ئەو قەیرانەى لە سلێمانى دروستبووە، تەنها لە گۆڕینى چەند پۆستێکدا بچوک ناکرێتەوە، بەڵکو پیلانگێڕییەکى گەورەیە لە دژى سلێمانى و یەکێتى بە دەستى ناوخۆیی و هەرێمایەتى.

لەم نێوەندەدا تائێستا لاهور شێخ جەنگى بێدەنگە و پەیامى روون و راشکاوى نەبووە کە ئایا چى دەکات و بەنیازى چییە؟

لاهور شێخ جەنگى لەوە تێگەیشتووە دۆخى سیاسى لە عێراق و هەرێمى کوردستان ناوچەکە دەکوڵێت و تێکدانى زیاترى ئەم دۆخە، زەرەرمەندى یەکەم لێى تەنها کورد دەبێت.

هەر بۆیە جەخت دەکاتەوە قوڵایی سیاسی کورد لە بەغدایە نەک وڵاتانى تر، لاهور شێخ جەنگى دەڵێ ئێمە دەبێت دەست بەو دەستوورەوە بگرین کە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بۆ عێراقیان نوسیووە.

دەشڵێت لەبەر ئەو هۆکارانە تێکدانی دۆخى هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندی کوردا نییە.

بۆیە دەیەوێت کێشەکان لە سەرکردایەتی چارەسەربکرێ نەک خۆسەپاندن و زەبری هێز چونکە مام جەلال ئەوەی بەرامبەر هەڤاڵەکانی نەکردووە، وەک ئاماژەیەک بە جیابوونەوەکەى ساڵى 2009ى گۆڕان لە یەکێتى کە سەربارى ئەوەى گۆڕان نزیکەى نیوەى دەنگەکانى یەکێتى برد و زەبرێکى گەورەى لەو حزبەدا، بەڵام مام جەلال ئامادەنەبوو هێز بەرامبەر نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانى بەکاربهێنێت.

لە دوایین پێشهاتى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتیدا بڕیارە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو ئەنجومەنى سەرکردایەتى لەسەر ئەو کێشانە کۆببێتەوە، بڕیارى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە  هەمان هەڵوێستى لاهور شێخ جەنگییە، کە هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ناکۆکییەکانەوە، پشتیوانى لەوە کردووە کە کێشەکان لە ڕێگەى پەیڕەوى ناوخۆ و رێساو بنەما حزبییەکان چارەسەر بکرێن نەک لە ڕێگەى دیکە و پەنابردن بۆ هێز و خۆسەپاندن.

بە شێک لەو کەسانەى چاودێرى دۆخى ناوخۆى یەکێتى و ئاڵۆزییەکانى ئەمجارەیان کردووە، پێیانوایە لاهور شێخ جەنگى هەڵوێستێکى حەکیمانەى هەبووە، سەلامەتى و ئارامى خەڵکى پاراستووە، هەر بۆیە سەربارى ئەو رووداوانەى روودەدەن تائێستا پەرچەکرداریی توندوتیژى نەبووە کە کاریگەرى بکاتە سەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و ببنە قوربانى دۆخەکە.