تۆڕێکى میدیایى سەربە نوسینگەى بافڵ تاڵەبانى لە زارى سەرچاوەیەکەوە ئاماژەى بەوەداوە، سەرجەم میدیاکانى سەربە یەکێتى ڕێک دەخرێنەوە و یەکێک لە ئامانجەکانیشى کۆتایى هێنان بەو پارە زۆرەى خەڵکى سلێمانى و یەکێتى کە تێیاندا سەرف دەکران.

 

تۆڕى میدیایى ئێستا (14ى تەموزى 2021) بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکخستنەوەى میدیاى یەکێتى بۆ کۆتایى هێنانە بە میدیاى ئاست نزم و بە هەدەردانى دەیان ملیۆن دۆلارى خەڵک، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانکاریانەیە لەناو یەکێتیدا بڕیاریان لێدراوە و بێ دودڵى جێبەجێ دەکرێت، ئەو میدیایانە بە پارەى حزب و خەڵک دامەزراون بەڵام شەڕى نزمى سیاسیان پێ دەکرێت و هیچ ئەرکێکى میدیایى بۆ کۆمەڵگە جێبەجێ ناکەن.

 

تۆڕەکە لە زارى سەرچاوەیەکى باڵاى ناو یەکێتییەوە باسى لەوەکردووە، لە چەند ساڵى ڕابردوو جگە لەوەى لە چەند لایەنێکى دیکەوە دەست خرابووە بینەقاقاى خەڵکى سلێمانى بەتایبەت لە ڕووى قاچاخچێتى و بازرگانى، داهاتێکى زۆرى سنورەکە و یەکێتى بۆ لێشاوێک کەناڵى میدیایى و پەیجى سۆشیاڵ میدیا دەڕۆیشت کە هیچیان تێدا بەسەر نەبوو و خراپترین ئەدایان پێشکەش دەکرد کە ببونە سەرچاوەى نیگەرانى خەڵک.

 

سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئامانجى یەکەمى ڕێکخستنەوەى میدیاکان کۆتایى هێنان بەو ژەهرە سیاسى و کۆمەڵایەتیەى بێ ویستى خەڵک دەدرا، ئامانجێکى ترى ڕێکخستنەوەى کۆتایى هێنان بەو بەهەدەردانە داراییە گەورەى لەو میدیایانەدا خەرج دەکرا.

 

سەرچاوەکە وتوشیەتى، یەکێک لە کەناڵەکان “مەبەست کەناڵى iPlus” کە ماوەى 3 ساڵە پڕوپاگەندەى دروستكردنى دەکرا و گوایە دەبێتە یەکێک لە کەناڵە ئاست بەرزەکانى یەکێتى، بەڵکو دواى خەرجکردنى دەیان ملیۆن دۆلارى خەڵکى سلێمانى و یەکێتى، نەک هەر دەستى بە پەخش نەکرد بەڵکو ببووە ناوەندى دروستکردنى پەیامى ئاست نزمى میدیایى و سیاسى بۆ پەیجە ساختە و میدیاکانى دیکە و ئەنجامەکەشى جگە لە ماندوو کردنى خەڵکى هیچى تر نەبوو.

 

ئەو بەرپرسە باڵاى یەکێتى ئاشکراشى کردووە، کەناڵەکە هەر نەکرایەوە بەڵام کەمترین موچە تێیدا 1500 دۆلار بووە و بەشێک لە کارمەندەکانیش 2500 بۆ 5000 دۆلار موچەیان هەبووە و موچەى مانگانەى کەسى یەکەمیش زیاتر بووە لە 15 هەزار دۆلار.

 

ماوەى نزیکەى هەفتەیەکە کێشە کەوتووەتە نێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى و لە درێژە گرژییەکاندا هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر چەند میدیایەکى سەربە لاهور شێخ جەنگى، کەناڵى “iPlus”يش لاى لاى خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزى چەکداریى دەمامکدار بە پۆشاکى فەرمى حکومییەوە هاتوونەتە سەریان و ترس و تۆقاندنیان لەنێو دامەزراوەكە بڵاوكردەوە.

 

دامەزراوەکە داواشى لە رێكخراوی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەڤانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کردبوو ئیدانەی ئەوكارە نامەدەنیانە بكەن، هەروەها داوا لە نوێنەرانی نێودەوڵەتی و كونسڵی وڵاتان دەكەن لەئاستی ئەم پێشێلكارییە بێدەنگ نەبن و داوای رونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.