سنور ميديا
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئێمە بانكی ناوەندیمان نییە و مافی چاپكردنی دراوی نەختینەمان نییە، دەشڵێت، گەورەترین هەڕەشە لەسەر كورد، بابەتی داراییە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لە پارێزگای سلێمانی وتی: ئێمە دەوڵەتێكین لەناو دەوڵەتێكدا و ڕۆڵی دەوڵەت دەگێڕین، بەبێ ئەوەی ئاگامان لەئەوەبێت، ئێمە بانكی ناوەندیمان نییە و مافی چاپكردنی دراوی نەختینەمان نییە، كە گەورەترین هەڕەشە لەسەر كورد مەسەلە سیاسییەكە و پەیوەندی نیوان هەرێم و عیراق نییە، بەڵكو بابەتی داراییە.
زیاتر ڕوونیكردەوە، كورد ڕێگەی بۆ عیراق خۆشكردووە، كە دراوەكەی بەرێتە دەرەوە و دراوی قورس لێرە نەمێنێت.
وتیشی: تاكو ئێستا لەئاستی دەرەوە هەڵگری پاسپۆرتی كوردی نین، بەڵكو پاسپۆرتی عێراقین، كەواتە كورد كێشەی گەورەی هەیە.
دەشڵێت: هەرێمی كوردستانمان كردووە بەحزبستان، لەهەر شارێكدا دەیان حزب هەن، كە نزیكترین وكورتترین ڕێگەن بۆ هەر كەسێك كە بیهەوێت بگات بەپلەو پایە و پارەی خۆیان، بەڵام ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەقەیراندایە.