لە وتارێكدا، د.مەغدید سەپان لەبارەی ڕووداوەكانی ناوخۆی یەكێتی نوسیویەتی”شیخ باڤڵ و کاک قوباد، تفیان لە خەباتی ٣٩ ساڵەی من لەناو یەکێتی کرد، غەدرێکی گەورەیان لە خەبات و ئەزموونی دەیان هەزار پیشمەرگە و تێکۆشەری دێرین و خانەوادەی شەهیدان، لە هەمووشیان زیاتر لە مام جەلالی باوکیان کرد”.
 
دەقی نوسینەكە:
 
 
دەربارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی
 
بۆ من و بۆ هەموو یەکێتییەکان، هیچ گرنگ نییە و نەبووە، کێ سەرکردایەتی یەکێتی دەکا، بەڵام من و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی دەزانین، سەرۆک دەبی شایەنی ئەو کورسی و بەرپرسیارییەتە بی، کە لەسەری دادەنیشی چونکە، گەورەبوون و گەشەکردن و داهاتووی یەکێتی، پەیوەندی بە چۆنییەتی خزمەتکردن و بەڕێوەبردنی ئەو کورسییەوە هەیە، باس لەوە هەرناکەم سەرۆک دەبی، وەک مام جەلال لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بیت و وەک خەڵکیش بژی و بخوا، نەک بلێ:
 
من کوڕی گەورەی (مام جەلال)م و دەبی هەر منیش سەرۆکی یەکێتی بم! ئەو قسەیە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک، لە کەشوهەوایەکی دیموکرات، فلسێکی سووتای ناهێنیت و زۆر لاوازە، بەتایبەت بۆ پیاوێک، کە زمانی ئینگلیزی لە زمانی کوردی باشتر بیت و هەموو ژیانی لە وڵاتێکی مەزن و دیموکراتی وەک بەریتانیا بەسەر بردبی!
 
دەبی ئەوەش بنووسم بۆ من، وەک دکتۆر و مامۆستا لە بەشی راگەیاندن، ئەوەی هێشتا زیاتر جێگای سەرسوڕمانە و قەت تێی ناگەم، چۆن دەبی یەکەم فەرمان و خۆسەپاندن، بە هێڕشکردنە سەر کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن لە شاری سولەیمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری دەست پێبکا، کە باوکی بۆ هەر ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەندێکی نەک تەنیا کورد و کوردستانی، بەڵکو عەرەب و فارس و تورکیش دەگریا و دەسووتا، خەباتی بۆ ئازادکردنیان دەکرد.
 
چاوەڕێ دەکرا شێخ باڤڵ، بە هێزی عەقڵ و مێشک، ئەو کورسییە وەربگری، ئێمە لە کۆنگرە داوای لێبکەین و لێی بپاڕێینەوە، هەتا ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییە گەورەیە قبوڵ بکا، نەک بە هێزی تانک و ئاسن و پارە، بە رێگای کودەتایەکی ناشیرن و سووکی لۆکالی خۆی بسەپێنی… کاک باڤڵ، غەدرێکی گەورە لە من و لە هەموو ئەندامە تێکۆشەر و خانەوادەی شەهیدانی یەکێتی دەکا، هەموومانی کردە قوربانی کورتە خەون و ئارەزووە گچکە و ترشەکانی…
 
لە شێخ باڤڵ چاوەڕێ دەکرا، پێش هەڵبژاردن، زیاتر خەبات بۆ مافی هاوڵاتییان بکا، مووچە خوراوەکانیان بۆ وەربگریتەوە، پەرە بە دیموکڕاتییەت بدا، هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ بڕەخسێنێ، ئەوانەی لە یەکێتی تورەبووین بیانگێڕیتەوە، نەک بە هێزی تانک و پارە، کورسییەک داگیر بکا، لە ژیانی یەک فرمێسک یان دڵۆپێک ئارەقی بۆ نەڕشتبی…
من قەت لەگەڵ وەرگرتنی کورسی، بەو مێتۆدە ناشیرنە، لەناو هیچ حزبێکی کوردستانیدا نیم، بۆیە بە ئاشکرا دەنووسم:
 
شیخ باڤڵ و کاک قوباد، تفیان لە خەباتی ٣٩ ساڵەی من لەناو یەکێتی کرد، غەدرێکی گەورەیان لە خەبات و ئەزموونی دەیان هەزار پیشمەرگە و تێکۆشەری دێرین و خانەوادەی شەهیدان، لە هەمووشیان زیاتر لە مام جەلالی باوکیان کرد…
 
پیش کۆتایی ئەو پەیامە گچکەیەم، ئەو کۆپلەیەش دەنووسم:
ئەگەر مام جەلال خۆی ئەو کورسییەی بەکوڕی گەورە یان گچکەی خۆی ڕەوا نەبینیبی، بۆ دەبی من و هەموو ئەندامانی یەکێتی، نووسەر و خاوەن رای ئازاد، ئەو کورسییە بە کوڕی گەورەی مام ڕەوا ببینین، بە تایبەتیش، کە زاندرا، دوور لە کۆنگرە و وەرگرتنی ڕای ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، هانای وەبەر مێتۆدێکی ستالینی و سەدەکانی ناوەڕاست برد.