ئەندامێکی وەفدەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ڕێبەری تەریقەتی قادری، کە دوێنێ سێشەمە بۆ نێوەنگیری کردن لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دا کۆبوویەوە، ناوەڕۆکی گفتوگۆکان و بۆچوونی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەمەڕ کێشەکانی نێوانیان ئاشکرا دەکات.
لیوا جەلال شێخ کەریم بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و ئەندامی وەفدەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزان بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند دەڵێت”سەرەتا شێخ لاهورمان بینی، پێشنیاریکرد کێشەکان ببرێنە نێو مەکتەبی سیاسی و لەوێ چارەسەر بکرێن.”
سەبارەت بە وەڵامی باڤڵ تاڵەبانی بۆ پێشنیارەکەی لاهور شێخ جەنگی، جەلال شێخ کەریم وتی “دواتر کاک باڤڵمان بینی، کاک باڤڵ وتی: بمانەوێت شتێک بکەین پەیوەندی بە حیزبەوە هەبێت، دەیبەینە نێو ئۆرگانە حیزبیەکان، بەڵام گۆڕانکاریەکان لە ئیدارەدا کراون، خەڵکانێک لە پۆستدا دانراون بە نایاسایی، ئێمە دەمانەوێت چاکسازی بکەین، قۆرخکاری نەمێنێ، خەڵکی سلێمانی بەتایبەت بازرگانەکان، ئیشی خۆیان بکەن و کەس دەستیان بۆ نەبات.”
ئەندامەکەی وەفدەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بۆ لای هاوسەرۆکانی یەکێتی، ڕوونیشیکردەوە باڤڵ تاڵەبانی وتویەتی: ئەو دەزگا ئەمنیانە کە گۆڕانکاریان تێدا کراوە، دژایەتی خەڵکیان کردووە، خزمەتیان نەکردووە، بۆیە ئاگادارم کردوونەتەوە کە دەیانگۆڕم، ئەوان لەسەر ئەوە عاجز بوون.
دەربارەی داننانی باڤڵ تاڵەبانی بەوەی دەزگا ئەمنیە گۆڕدراوەکان دژایەتی خەڵکیان کردووە، جەلال شێخ کەریم زیاتر دوا و وتی”مەرج نیە قسەکانی تەنها بۆ ئەو دەزگا ئەمنیە بێت، بۆ هەموو خاوەن دەسەڵاتێکی حیزبی بوو، کە تەسەروفاتی خراپ دەکات.”
جەلال شێخ کەریم ئاماژەی بەوەکرد شێخ نەهرۆ کەسنەزانی داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی، لە هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە کردووە.