مەلا بەختیار لەنوسێنێکدا داوا لە بافڵ تاڵەبانی دەکات” پەلاماری لایەنگرانیان مەدەن و پاکتاویان مەکەن. رێز لە کادرو ھاو تەکەتولەکانیان بگرن، گەرچی ھەڵەشیان کردبێ، یان بە ھەڵە لە ھاوکیشەکانیش تی گەیشتبێتن” داواش لەلاھور جەنگی دەکات “تەنھا رێگەی شەرعی بۆ مافەکانیان بگرنەبەر”.
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەنوسێنێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە ئاراستەی ھەردوو ھاوسەرۆکی یەکێتی کردووە، نوسیویەتی:” تکایە، دەرس و پەندەکانی مێژوو بخەنەوە بیری خۆتان. وەلا خستنی ھاوسەرۆکێک، بە ھەل مەزانن بۆ رشتنی رق و کینە. پەلاماری لایەنگرانیان مەدەن و پاکتاویان مەکەن.
رێز لە کادرو ھاوتەکەتولەکانیان بگرن، گەرچی ھەڵەشیان کردبێ، یان بە ھەڵە لە ھاوکیشەکانیش تی گەیشتبێتن، بەڵکو بەشی زۆریان لە ترسان و لە برسان رەدووی سیاسی کەوتوون. ئەوەتانێ بە یەک روداو، ئەوانەی لە ترسان و لە برسیان رەدوو کەوتبون، زۆربەیان ھەلدەوەرن”.
داواش دەکات، “ئەوانەی لاش خراوون، یان لەژیر فشارن، ھەقە تەنھا رێگەی شەرعی بۆ مافەکانیان بگرنەبەر”.
کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەشیخستۆتەڕوو:” لەم روداوەشدا، تکایە، ژمارەی جنێوەکان، بەرامبەر یەکدی زیاد مەکەن؛ بەبێ بەڵگە تۆمەت مەبەخشنەوە؛ مەکەونە پاکتاوکردنی یەکتر؛ بوار مەدەن ھەلپەرستان و پیاھەڵدەران، گوێ درێژ ئاسای ناوجۆگە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگەی نێوان جەمسەرەکان، بلەوەڕن؛ خەلکیش بە ئاگری خۆتانەوە مەسوتێنن. دلنیابن کولتوری جنێو و پاکتاوکردن، سەرەتا بە گەرمی دەست پێ دەکات، بەڵام وەکو سەرجەم ھەڵمەتی پاکتاوکردنی مێژووی یەکێتی، پاشگەز بونەوەی بەدواوەیە!”.