سنور ميديا

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگری کۆلێجی زانست لە زانکۆی راپەڕین رایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتیی سیاسیی بۆ لاهور شێخ جەنگی لە پۆستەکەی لادرا، سەرۆکایەتی زانکۆکەش وەڵامی داوەتەوە دەڵێت، ئەو کەسە بەهۆی رێوشوێنێكی ئیداری و رۆتینی لەبەرپرسی هۆبەكە لابراوە.

هونه‌ر مه‌لا عه‌لی وه‌رتی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگری کۆلێجی زانست لە زانکۆی راپەڕین له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: به‌هۆی پشتیوانی سیاسی له‌ كه‌سایه‌تی لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی ته‌مموزی 2021 له‌ پۆسته‌كه‌ی وه‌ك بەڕێوەبەری نووسینگەی راگری کۆلێجی زانست دوورخراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: “دیاره‌ من تاكو مردن له‌ هه‌ڵوێستم بۆ كاك لاهور و یه‌كێتی پاشگه‌ز نابمه‌وه‌و به‌رده‌وامم، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیارێتیان هه‌یه‌ له‌ناو زانكۆ، به‌شێكیان توانج و ره‌خنه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ له‌ یه‌كێتی و له‌ ئه‌كاونته‌كانیان قسه‌ی ناشرین ده‌نووسن و خه‌ڵات ده‌كرێن، ئێمه‌و مانانیش دوور ده‌خرێینه‌وه‌”.

لای خۆیەوە لە روونکردنەوەیەکدا راگرایەتی کۆلێجی زانست رایگەیاند، “فەرمانبەرێكمان بەناوی (هونەر عه‌لی) كە بەرپرسی نووسینگەی راگر بووە، وەك رێوشوێنێكی ئیداری و رۆتینی لەبەرپرسی هۆبەكە لابراوە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێوشوێنێك كە ئەنجومەنی كۆلێج بڕیاری لێداوەو هەر لەگەڵ بەڕێزیان چەندین یەكەی تر گۆڕانكاریان تیادا كراوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەداخەوە ئه‌و لەسۆشیال میدیا وا بڵاویكردووەتەوە گوایە لەسەر ئەوەی پشتگیری كەسایەتییەكی سیاسی بەڕێزی كردوە بۆیە لابراوە، ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین كە كۆلێجی زانست و زانكۆشمان بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو ململانێ سیاسیەكان و ئەو كەسایەتیەی كەناوبراو ناوی هێناوە (هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە) كە لای ئێمە جێگەی رێزەو هەمیشە هەرواش دەمێنێتەوە”.

جەختیشیکردووەتەوە، “داواكارین هیچ كەسێك ناوی ئەم كەسایەتیە نیشتمانیانە بۆ مەرامی بچوك بەكارنەهێنن”.
هونەر مەلا عه‌لی وەرتی، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: “زانكۆی راپه‌ڕین هیچ به‌رپرسێكی تری له‌ كۆلێژه‌كه‌ نه‌گۆڕیوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی كراوه‌، چونكه‌ تا ئه‌مڕۆش هه‌ر كه‌سێك بگۆڕدرایه‌ ده‌بوو من نووسراوی گۆڕینه‌كه‌ی بۆ ده‌ربكه‌م”.

وتیشی: “ئه‌مڕۆ تا كاتژمێر یه‌كیش ده‌وامم كردووه‌ و دواتر پێم راگه‌یه‌ندرا كه‌ له‌ جێگه‌كه‌م گۆڕدراوم و كه‌سێكی تریان داناوه‌”.