سنور ميديا
فەرماندەیەکی دیار و دێرینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، سستمی هاوسەرۆکی بۆ یەکێتی هەر لە سەرەتاوە گونجاو نەبووە، بەڵکو یەکێتی پێویستی بە سەرۆک و دوو جێگر هەبووە، نەک هاوسەرۆک، بە پێویستیشی دەزانێت کێشەکانی نێو یەکێتی بە گفتووگۆ و دیالۆگ چارەسەربکرێن و پێویستە یەکێتی بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی.
سامان گەرمیانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و فەرماندەی دێرینی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “یەکێتی هەمیشە لە ناو سیراع و ململانێدا بووە، بەڵام ئێمە وەکو تێکۆشەرە دێرینەکان، ڕۆڵی کۆتری ئاشتیمان دەبینی لەنێوان ئەو لایەنانەدا کە ململانێ یان هەبوو، کاتێکیش دەکەوتینە نێوانیان ڕێزمان لێدەگیرا و ڕێگەمان نەدەدا کەلێن لە نێو یەکێتی دروست ببێت.”
باسیلەوەشکرد، ”سەرکردایەتی نوێی حیزبەکەی دێرینەکانیان کەم تێدا ماوە، تازەکانیش کەم ئەزموونن و شارەزای سیراع و ململانێ نین، تا لەم قۆناغە هەستیارەدا، ڕۆڵی گرنگ بگێڕن، وتی”کۆنگرەی پێشوو ڕاگوزەر بوو، ئومید دەکەم قۆناغی تازە بێتە پێشەوە، تا یەکێتی بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و کێشەکان بە سودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەزموندارەکان چارەسەر بکرێن.”
سامان گەرمیانی، ”بە پێویستیشی دەزانێت کێشەکانی نێو یەکێتی بە گفتووگۆ و دیالۆگ چارەسەربکرێن، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی دوورکەوتوونەتەوە و کەس پرسیاریان لێناکات، ئەگینا بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان هەڵدەستان.
لە کۆتایشدا هۆشداریدا لەوەی پێشمەرگە دێرینەکان تا ئێستا قسەیان نەکردووە، چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانن بە گفتووگۆ، ئەگینا مافی خۆیانە کۆببنەوە و قسەی جدیان هەبێت.