کەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان په‌یامێك ئاراسته‌ى هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتى ده‌كه‌ن‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، هێشتا زوە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ڕۆحی جەماوەری یەکێتی، ده‌شڵێن:”تکایە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم پەیامەدا گەورەی بنوێنن‌و ببنەوە بەبراکەی پێشوو”، داوا له‌هه‌ردوو هاوسه‌رۆكى یه‌كێتيش ده‌كرێت بچنه‌سه‌ر مه‌زارى تاڵه‌بانى.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌سوكارى شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان كه‌ په‌یامه‌ بۆ هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتى ڕایده‌گه‌یه‌نن، “بەڕێزان هاوسەرۆکان لەیەکەم دێڕی پەیامەکەماندا دەمانەوێ ئەوه‌تان بەبیربێنینەوە، ڕابەری کۆچکردومان جەنابی مام جه‌لال کاتێ باردۆخێک نەک لەنێو خۆی یەکێتی، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق  لەنێو حزب‌و لایەنە سیاسیەکان‌و یاخود شیعەو سوننە  ڕویدەدا  یەکسەر خۆی دەگەیاندە نێوەندگیریەکەو لەکەمترینکاتدا تەواوی کێشەکانی چارەسەردەکرد”.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، “ئێستا ئەو یەکێتیەی کە نازناوی حزبی شەهیدان‌و چەپکە گوڵەکەی مام‌و خاوەنی 22 هەزار شەهیدە کە هەزارانی وەک ئێمە بۆ یەکێتی‌و نیشتیمان‌و کوردستان‌و ئەم خاکە بێباوک بوو ئەزیزترین کەسمان بەخشیە خاکی پیرۆزی کوردستان ئێستا ئەو یەکێتیە ئەو ئه‌مانەتە گەورەیە لەدەستی ئێوەدایە تکایە تکایە تکایە”.

له‌و په‌یامه‌دا كه‌سوكارى شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان ده‌ڵێن:”مەهێڵن خوێنی شەهیدەکانمان بەهەدەر بڕوات لەوەزیاتر برینەکانمان قوڵتر مەکەنەوە، زۆر دڵ پڕین زۆر نیگەرانین داواتان لێدەکەین بەهەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جه‌لال ئەم دۆخە تێپەڕێنن”.

هه‌روه‌ك داوا له‌هاوسه‌رۆكان كراوه‌، “دەست لەناو دەستی یەک بکەن‌و بڕۆنەسەر مەزاری پیرۆزی مام‌و بەڵێن بەسەرۆک مام جه‌لال بدەن بەڵێن بەخوێنی شەهیدەکانمان بدەن کە وەک برا پارێزەری حزبی شەهیدان‌و چەپکەگوڵەکەی مام دەبن، هێشتا زوە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ڕۆحی ئێمەو جەماوەری یەکێتی، تکایە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم پەیامەدا  گەورەیی بنوێنن‌و ببنەوە بەبراکەی پێشوو، ئێمە هیوامانە پێتانە  هێشتا ئامانجی زۆرمان ماوە خەونی نەیارانی یەکێتی لەگۆڕنێن‌و ئاوێک بکەن بەو ئاگرەی دڵی دایکی شەهیداندا”.