عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی توندی مەلا بەختیار دەداتەوە و دەڵێت، ئەوە کێ بوو بەپارتی وت” نەوشیروان مستەفا دەیەوێت کودەتا بەسەر بارزانیدا بکات”.

لە پێناو ڕاستی دا

ململانێکانی ئێستای ناو یەکێتی هیچ پەیوەندییان بە کاک نەوشیروانەوە نییە و هەمو خۆهەڵواسین یان کێشەهەڵواسینێک بە کاک نەوشیروان و دروستبونی گۆڕان بۆ بەلارێدا بردنی رای گشتییە .

لاهور شێخ جەنگی، ئاڵای شۆڕشی وەک خەنجەری ژەهراوی ناساندوە. مەلا بەختیار وەڵامێکی بۆ بەڕێزیان نوسیوە، بەڵام لەبری وەڵام و ڕەخنە بۆ کاک لاهور هاتوە پەلاماری نەوشیروان مستەفا دەدات، کە گوایە مەلا بەختیار بێتاوانەو نەوشیروان مستەفا یەکێتیی پەرتکرد ..

من لەبری گۆڕان وەڵام نادەمەوەو ئەوە بەجێدەهێڵم بۆ بڕیار بەدەستانی گۆڕان ..

بەڵام وەک کەسێک کە باوەڕی تەواوم بە فکری کاک نەوشیروان هەیە بەتایبەت دوای دروست کردنی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ و، هەوڵدەدەم میراتگری ئەو فکرە بم، زۆر بە کورتی ئەم چەند دێڕە بۆ بەڕێز مەلا بەختیار دەنوسم ..

نەوشیروان مستەفا ڕێکخستنی لە نێو ڕێکخستن دروست نەکرد، بەڵکو ئازایانە دەستی لەکارکێشایەوە و، هات بەئاشکرا هێزێکی مەدەنیی دروستکرد بۆ دژایەتی زوڵم و ستەمکاری، سەروەری یاساو سیستمێکی حوکمڕانیی پەرلەمانی.. پێچەوانەی جەنابتان کە دەتانوت: کورسیەکیشمان هەبێ هێزی چەکدارمان هەیە! ئێستاش باسی گۆڕانکاری و چاکسازی دەکەن !

دەمەوێت شتێک بیری جەنابت بێنمەوەو خەڵکیش بیزانێت: ساڵی ٢٠١٣ گۆڕان ٢٤ کورسی هێناو یەکێتی ١٨ کورسی، ئەوە کاک نەوشیروان بوو دەستپشەخەریی کردو ئێمە لە نزیکەوە ئاگادار بوین، وتی: ئێمەو ئێوە( یەکێتی) پێکەوە ٤٢ کورسین و پارتی ٣٨ کورسیە، با ئێمە حکومەت تەشکیل بکەین ..

سەرۆک حکومەتیش بۆ ئێوە بەمەرجی بەرنامەیەکی باش بۆ حوکمڕانی… ئەوە کێ بوو ڕۆشت ئەمەی بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دزە پێکرد و  بەپارتیشی گوت: نەوشیروان مستەفا دەیەوێت کودەتا بەسەر بارزانیدا بکات ..

هێندەی تر بێئومێد بوو لێتان !

نەوشیروان مستەفا، وەک ساسەتمەدارو بیریارێکی گەورەی سیاسی، خاوەن دونیابینی گەورەی سیاسی بوو….. دیلی حیزب و ئایدۆلۆژیایەکی نەبوو ..

عەلی حەمە ساڵح