بریار بوو ئەمڕۆ دانیشتنێکی دادگایکردنی پێنج چالاکوانی دیکەی بادینان لە دادگای هەولێر ئەنجامبدرێت دواخرا و نوێنەری تیمی پارەزێرانەیش رایگەیاند، “دەستگیرکراوان رەتیانکردەوە کە هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت و دادگاش نەیتوانی هیچ تاوانێک لەسەر دەستگیرکراوان یەکلابکاتەوە”.

 

لەهۆڵی دادگاکەدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نوێنەری یۆنامی و کەسوکاریان ئامادەبوو، نوێنەری تیمی رۆژنامەنووسانیش ئاماژەی بەوەکرد، “لەسەرەتاوە تا کۆتایی دانیشتنەکە دادگا نەیتوانی هی تۆمەتێک لەسەر ئەو پێنج دەستگیرکراوە بخاتەڕوو”. دەشڵێت، “بەهۆی هەبوونی دۆسیەیی زۆرەوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە”.

لەبارەی دانیشتەنەکەوە، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد، “هیچ یەکێک لە شایەتحاڵەکان ئامادەنەبوون کە بیسلەمێنن کە ئەو دەستگیرکراوانە هیچ تاوانێکیان ئەنجامداوە و نکۆڵیشییانکردووە لەوەی کە هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت”.

هاوکات، پەرلەمانتاران و نوێنەری تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانیش تێبینییان لەسەر ئامادەبوونی نوێنەری دەزگای ئاسایشی گشتی خستەڕوو و تیایدا باسییان لەوەکرد، “نایاساییە کە نوێنەری ئاسایش لەدانیشتنی دادگادا ئامادەبێت”.

هەرچەندە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە پرۆسەی دادگاییكردنی بەشێكی تر لەدەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەری سەرەكی كەیسەكەوە، دادگایكردنەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا و ئەمڕۆش بۆ جارێکی تر دوخرا.

ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی ‌و سیخوڕییکردن بۆ ئەمریكا، بەریتانیا، مستەفا کازمی ‌و بەرهەم ساڵح دادگایی دەکرێن.

رۆژی ٢٧ ئەم مانگە، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بۆ 5رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان جێبەجێکرد، کە بڕیارەکە رۆژی 20/6/2021 دەرچووە و تێیدا هاتووە،  لە وتەی هیچ یەک لە تۆمەتبارەکان ناوی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا نەهێندراوە، جگە لە وتەی شێروان شێروانی ئەویش بۆ ئەوەی سەریان لێ بشێوێنێت و وا نیشان بدات کە رۆژنامەنووسە، کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا هیچ پەیوەندییان بەو کارانەوە نییە کە ئەو کەسانە کردوویانە، بەڵکو بوونی ئەو کونسوڵخانانە لە هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەرییە، ئەوەش بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و ناردنە دەرەوەی کارمەندانی حکومەت و دەسەڵێتی دادوەری بە ئامانجی پەرەپێدانیان 

دوای ئەوەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 28/4/2021 بڕیارێکی دادگای تاوانەکانی هەولێری پەسەند کرد تایبەت بە دۆسێی دەستگیرکراوانی بادینان، هەریەک لە ناسک تەها ئەندامی داواکاری گشتی و پارێزەرانی هەر پێنج زیندانیکراوەکە داوای راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەیان کرد، دواجار دادگای پێداچوونەوە رایگەیاند،  سزای شەش ساڵ زیندانیکردن گونجاوە بۆ ئەو پێنج تۆمەتبارەی لە کەیسەکەدا هەن، بۆیە ئەو بڕیارەی کە لە رۆژی 28ی4 داویان هیچ گرفتێکی تێدا نییە تاوەکو پێویست بکات چاکبکرێت .

رۆژی 16/2/2021 دادگای تاوانەکانی هەولێر بە گوێرەی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار حەمە ئەمیندا سەپاند، بڕیارەکەی دادگا و پەسەندکردنی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.