راگەیەندراوێکى نوێى نوسینگەى رۆژنامەوانى بافڵ تاڵەبانى گۆڕانکاریى لە ناوهێنانى پۆستى بافڵ تاڵەبانى ئەنجامدا لە هاوسەرۆکى یەکێتییەوە بۆ سەرۆک.
 
 
نوسینگەى ڕۆژنامەوانى بافڵ تاڵەبانى لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە کە “سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازی کرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق”.
 
ئەمە لەكاتێكدایە بافڵ تاڵەبانی، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی هاوسەرۆكی وەرگرتووە، نەك سەرۆك.
 
دەقی ڕاگەیاندراوەكە:
 
سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازیکرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە کرا و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرا. جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە کە ببێتەمایەی سەقامگیری سیاسی و رەزامەندی ھەموولایەنەکان.
بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان نەخشەڕێگا و ستراتیژی نیشتمانیی و روونی یەکێتی خستەڕوو و یەکخستنی ھێز و توانا و بۆچوونە جیاوازەکانی دووپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان و گەیشتن بەچارەسەری ریشەیی کێشەکان لەنێوان ھەرێم و عێراق.
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە سەرۆک بافڵ رایگەیاند، دەمانەوێت ماڵی کورد رێکبخەینەوە و دیدی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ پرسەکان. پێکەوە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و سەقامگیری ببەین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە برا و هاوڕێکانمان دەبێت لە ھێزە شیعی و سوننەکان و سەرجەم هێز و لایەنەکانی تر کە پشتیوانمان بن و پێکەوە وڵاتێکی دامەزراوەیی بونیادبنێن و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان ببووژێنینەوە. ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات.