پارێزەرى بەیان غەریب ناسراو بە بەیۆ رایگەیاند، بڕیارە رۆژى سێشەممە دادگا بڕیارى کۆتایی لەسەر کەیسى بەیان بدات، دواى پێنج مانگ لەدەستبەسەرکردنى بەتۆمەتى “کارى بەدڕەوشتى”.

 

پارێزەرەکەى بەیان ئەمڕۆ لەبەردەم دادگاى هەولێر بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، بڕیاربوو دادگا ئەمڕۆ لەسەر کەیسەکە کۆبێتەوە، بەڵام دواخراوە بۆ 13 ى تەموز.

 

وتیشى “بڕیارە 13 ى تەموز بڕیارى کۆتایی لەبارەى کەیسەکەوە بدرێت و ئەگەر هەیە بەیان ئازاد بکرێت، چونکە ئەو بەڵگانەى دژى پێشکەشکراون زۆر لاوازن”.

 

پارێزەرەکەى بەیان باسى لەوەشکرد، بەیان دوو سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە، بەپێی ماددەى 402 کە تایبەتە بە کارى بەدڕەوشتى، بەڵام هەواڵدەرى تایبەت بە سکاڵای یەکەم لەبەردەم دادوەر جەختیکردووەتەوە کە بەیان بەهیچ شێوەیەک کارى بەدڕەوشتى پێ نەکردووە.

 

رونیشیکردەوە، سکاڵاى دووەم لەلایەن داواکارى گشتییەوە لەسەرى تۆمارکراوە بەهەمان ماددە، بەڵام  تا ئێستا هیچ تۆمەتێکى لەسەر ساغ نەبووەتەوە و بەڵگەکان زۆر لاوازن لەسەرى.

 

پارێزەرەکەى بەیۆ جەختیکردەوە، ئەو بڕیارە دورە لە راستى  کە دەوترێت 20 ساڵ زیندانى دەکرێت و تا ئێستا بەیان دەستبەسەرە و بڕیارى زیندانیکردنى نەدراوە.

 

بەیان غەریب ناسراو بە “بەیۆ” ئەو ژنەى بە بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆکانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر ناسرا، رۆژى پێنج شەممە (5ى شوباتى 2021) لەلایەن پۆلیسەوە لەهەولێر دەستبەسەرکرا و تا ئێستا لە زینداندایە.