حكومەتی هەرێمی كوردستان كارەبا بە حكومەتی فیدراڵیی عێراق دەفرۆشێت، بەڵام خۆیشی بۆ پڕكردانەوەی پێداویستییەكانی لە كەرتی وزە كارەبا لە توركیا دەكڕێت.
شاکر مەحمود بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند “خەریکی کارکردنین بۆ کاراکردنی ھێڵی ١٣٢ کەیڤی لە وێستگەی کواشێ بۆ زاخۆ، بەوەش کارەبا لە تورکیاوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگەیەندرێتە وێستگەی دوبانێی قەزای سێمێل و بەوەش ڕێژەی ئەو کارەبایەی لە تورکیاوە ھاوردە دەکرێت دەگاتە سەرووی ٢٠٠ مێگاوات.”
وتیشی: “ئەو ١٠٠ مێگاوات کارەبایە دوای گەیشتنی بە ھەرێمی کوردستان تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت و بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێت”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەك كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت و لە لایەكی دیكەش بە هۆی كەمیی كارەبای نیشتمانییەوە كارەبا لە توركیا دەكڕێت.
مانگی ڕابردووش ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندبوو كە لە ساڵی 2016ەوە تا ئێستا كارەبا بە عێراق دەفرۆشن.