کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، بانگەشە بۆ کاندیدان و هاوپەیمانیە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو دەستیپێکردووە و تا سێ مانگ بەردەوام دەبێت.

 

باسم ڕائد عەزیز، بەڕێوبەرى ڕاگەیاندنى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاى زىقار (10ى تەموزى 2021) بە ڕۆژنامەى “سەباحی” فەرمى ڕاگەیاند، “بانگەشەى هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەى سێ مانگ بەردەوام دەبێت تا 24 کاتژمێر پێش ڕۆژى دەنگدان، ئەمەش گەورەترین ماوەیە بۆ پاڵێوراوان بانگەشە بۆ بەرنامەى هەڵبژاردنى خۆیان بکەن”.

 

لە لای خۆیەوە سەلیم شوشکەى، پەرلەمانتارى عێراق و ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان وتى، “یاساى هەڵبژاردنەکان ئاماژەى بە بڕگەیەک کردووە کە ژماردن و جیاکردنەوەى دەنگەکان بە ئامێرى ئەلیکترۆنى دەبێت لەکاتێکدا هەندێک لایەنى سیاسى داوایان کردووە بۆ گەرەنتى خاوێنى هەڵبژاردنەکان پێویستە ژماردن و جیاکردنەوەى دەنگەکان بە دەستى و ئامێرى ئەلیکترۆنیش ئەنجام بدرێت”.

 

ئەوەشى وت، هەڵبژاردنى داهاتوو دڵخوازى هەموو لایەنە سیاسیەکان نییە، تائێستا ئامادەکارى تەواو نەکراوە بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کە ئامادەییان هەبێت لە عێراق بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، هەروەها لایەنى ئەمنیش سەقامگیر نییە.

شوشکەى ئاماژەى بۆئەوەش کرد، شەش ملیۆن کارتى بایۆمەترى هەیە دەنگدەران وەریان نەگرتوەتەوە تا بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەن.