لەسەر تۆمەتبارکردنى بە دروستکردنى کێشە لە ناوخۆی یەکێتیدا بە هاوکاری پارتی، مەلا بەختیار لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانى هیچ ڕێکەوتنێکى لەسەر ئەوە کردبێت.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا، مەلا بەختیار، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییە سیاسیەکانى یەکێتى ڕایگەیاند، “لە هەندێک سایت و پەیجدا درۆیەکى شاخدار بڵاوکراوەتەوە گوایە لە دیدارەکەمدا لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانى بۆ دروستکردنى کێشە لەناو یەکێتیدا ڕێکەوتووم”.
دەشڵێت، “پێم خۆشبوو بە ناوی ڕاشکاوی خۆمەوە، ئەم درۆیەش بە درۆ بخەمەوە، هەرگیز قسەی وا لە دیدارماندا نەهاتووەتە ئاراوە”.
مەلا بەختیار جەحتیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “بە پێچەوانەوە، قسەمان لەسەر ڕوونەدانی شەر لەگەڵ پەکەکە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کردووە، بە چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ بەڕێز لاهور شێخ جەنگیشەوە”.
ئەو ئەندامەى ئەنجومەنە باڵاکەى یەکێتى باسى لەوەش کردووە، هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە کە پێویستە کۆنگرەیەکى کوردستانى لە هەرێمدا ساز بکرێت بۆ ئەوەى هەموو لایەک پێکەوە لایەنەکانى دەسەڵات و بەرهەڵستکار و پسپۆڕ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕێگە چارەى دۆخەکە بدۆزنەوە.
لەکۆتایى ڕوونکردنەوەکەشیدا مەلا بەختیار ڕەخنە لەو سایت و ماڵپەڕانە دەگرێت کە بە “میدیا بەستە دۆلار” ناویان دەبات و دەڵێت ، هەواڵى بێ بنەما و دوور لەڕاستى بڵاو دەکەنەوە.