شاندی بزوتنەوەى تاڵیبان لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، 85%ی خاکی ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ئامانجمان نییە دەستبگرین بەسەر تەواوی دەسەڵاتی ئەفغانستان-دا

شاندی تاڵیبان لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان تاوەکو ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی جیهان دان بە مافماندا دەنێن بۆ دیاریکردنی چارەنوسمان.”

شاندەکە دەشڵێن:”ئامانجمان نییە دەستبگرین بەسەر تەواوی دەسەڵاتی ئەفغانستان-دا بەڵکوگفتوگۆ لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حکومەتی کابوڵ دەکەین، ئەگەر دانوستانەکانی دۆحە سەرکەوتووبن ئەوا هێرشەکانمان دەوەستێنین”.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری وتەبێژەکەیانەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی دەروازەی سنوریی “ئیسلام قەلعە”یان کردووە لەسەر سنوری ئێران لەگەڵ ئەفغانستان.