ئەمڕۆ پێنجشەممە په‌رله‌مانی كوردستان، دەنگ لەسەر سێ پرۆژەیاسا دەدات، یەکێک لەوانە پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاوە.
 
 
بڕیارە کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 08-07-2021، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژماره‌ (18)ی ئاسایی خۆی دەنگ لەسەر سێ پرۆژەیاسا بدات.
 
 
وەک لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئاماژەی پێدراوە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکانی “هەمواری یەکەمی ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان” و پرۆژەیاسای “بەرکارکردنی یاسای رەسمی پوولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان” و پرۆژەیاسای “بەرکارکردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە (20) ساڵی 1998ی هەموارکراو” بدات.
 
 
پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو، یەکێکە لەو پرۆژەیاسایانەی کە رەهەندێکی ئابووری هەیە، بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو پرۆژەیاسایە، پێکهاتەی کارگێڕی بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەت بە پەیڕەوێک دیاریدەکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەریدەکات.
 
 
هەروەها مەرجە لەسەر ئەو کەسەی داواکاری پێشکەش دەکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن یان بوونە خاوەنی پرۆژەیەکی پیشەسازی تایبەت یاخود تێکەڵاو، خاوەن لێهاتوویەکی تەواو بێت و خاوەنداریێتی پرۆژەکەی هەبێت.