بۆ یەکەم جار لە سنووری هەورامان، تیپێکی تۆپی پێی تایبەت بە ژنان کرایەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوشدا بەشداری خولێکی کۆمارى دەکەن لەسەرئاستی عێراق لە شاری حەبانیە .

بە ئامانجی پەرەپێدانی ژنان لە بواری وەرزشدا، یانەی خورماڵ، تیپی تۆپی پێی تایبەت بە ژنانی دورستکرد، ئەمەش یەکەم تیپی تایبەت بە ژنانە، لە سنووری هەورامان.

هەتاو مەحمود، یاریزان و یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی ژنانی یانەی خورماڵ بە ڕۆژنیوزی وت، هیوا دەخوازێت، ئەو ژنانەی حەزیان لە وەرزشی تۆپی پێیە، بەشداریی ئەم جۆرە تیپانە بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن.

هەتاو مەحمود
هەتاو مەحمود

وەک هەتاو باسی دەکات، ئێستا ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەشدارییکردن لە خولێک لە شاری حەبانییە، کە داوایان لێکردوون بەشداریی تێدا بکەن، ئامانجیشیان، بەدەستهێنانی پلەیەکی باشە.

دروستکردنی تیپێکی تۆپی پێ بۆ ژنان، کارێکی زەحمەتە و بەربەستی کۆمەڵایەتیی زۆر دێتە ڕێگا، بەڵام ژنانی هەورامان ئەو بەربەستەیان تێکشکاند، یاریزانەکانیش تەنیا خەڵکی ئەو سنوورە نین و هەندێکیان خەڵکی دەرەوەی خورماڵن.

هەروەها، ئیمان بەرزان کاکە، یاریزانی تیپی تۆپی پێی ژنانی یانەی خورماڵ، ئاماژەی بە لایەنی دارایی یانەکان بەگشتیی کرد و وتی: لەئێستادا باری دارایی زۆربەی یانەکان لاوازە، بەڵام هەموو تیپێک هەوڵی بەرەوپێشچونی خۆی داوە ئاستی باشی دەوێت بۆئەوەی دەرکەوێت.

ئیمان بەرزان کاکە
ئیمان بەرزان کاکە

ئەو دڵخۆشە بەوەی، یانەی خورماڵ سەڕای لاوازیی ئاستی ئابووریی، هەوڵی خۆیان داوە و هیواش دەخوازێت، هاوکاریی تیپی ژنان بکرێت.

کاروان حمە غریب، ڕاهێنەری ژنانی یانەی وەرزشی خورماڵ بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تیپەکەمان لە ئاستێکی پێویستدایە و هەوڵیشدەدەین زیاتر بەرەوپێشی بەرین، بەهیواشین وەک هەورامان بتوانین نمونەیەکی جوان پێشکەش بکەین.

کاروان حمە غریب
کاروان حمە غریب

ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجمان ئەوەیە ژنان زیاتربهێنینە پێشەوە بۆناو وەرزش و گوێمان بە ڕەگەز و تەمەن نەداوە، دەمانەوێت ژنانی ئەم سنورە لە بواری وەرزشدا زیاتر بەرەوپێش بەرین بۆ ئەو مەبەستەش یانەی وەرزشی خورماڵ وەک تاکەیانەی ئەم سنوورە ئەم تیپەمان دروستکرد.

لە لایەکى دیکەوە، کاژاومحمەد، یاریزانی تیپی تۆپى پێى ژنانی خورماڵ پێیوایە، وەرزش شتێکی پێویستە و گرنگە هەم وەک چێژ، هەم وەک حەز و خولیا.

کاژاو محەمەد
کاژاو محەمەد

هیواشی خواست، ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوەن و توانایەکی زۆرباشیان هەیە هەر لەماڵەوە نەمێننەوە، داواکاریشە، خێزانەکانیان پاڵپشتیان بکەن و ڕێگرنەبن لە بەردەمیاندا، بۆئەوەی بتوانن بەردەوام بن و تواناکانیان بسەلمێنن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەورامان هەمیشە بۆ ژنان شوێنێکی تایبەت بووە و ژن پێگەیەکی گرنگی هەبووە لەناو هەورامیەکاندا و ژنانی هەورامان لەسەرجەم بوارەکاندا توانیویانە خۆیان بسەلمێنن.

 

سەرچاوە: ڕۆژنیوس