سەرۆكی بە‌شی لابردنی سە‌رپێچیی و زیادە‌ڕۆیی شارە‌وانی سلێمانی ئاشكرایكرد، زیادەڕۆی زۆركراوە و توانیومانە ڕێگربین لە هەندێكی و ئەوانەیشی نەماتوانیبێت هێزی بۆ ببیەن، سكاڵامان لەسەر تۆماركردوون.

ئاری عوسمان، سەرۆكی بە‌شی لابردنی سە‌رپێچی و زیادە‌ڕۆیی شارە‌وانی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا لە سلێمانی، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە داگیركردنی زەوی و زیادەڕۆیی لە سنووری شارەوانی سلێمانی وتی: ئێمە توانایەكی دیارییكراومان هەیە، ناتوانین لە خولەكێكدا بەر بە هەمووی بگرین، زیادەڕۆیی زۆرە و هەڵە هەبووە، هی ئێستاش نییە و هی ساڵانی پێشووە.

سەرۆكی بە‌شی لابردنی زیادە‌ڕۆیی وتیشی: هەندێ زیادەڕۆیی كراوە و خەڵكی دەستڕیشتووی لە پشتەوە بووە، ڕێگەمان لێگرتووە و سڵمان لە كەس نەكردووەتەوە، جێگری سەرۆكی حكومەت و هاوسەرۆكانی یەكێتی پشتیوانمان بوون.

ڕاشیگەیاند: ئەگەر لەمەولا زیادەڕۆی كرا، بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین، بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٢٨ ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەین، هەركەسێكیش نەمانتوانیبێت هێزی بۆ ببیەن، سكاڵامان لەسەر تۆماركردووە و ئێستا بێتو ئایندە بێت، هەر ئیجرائاتی بەرامبەر دەكرێت.

لەبارەی دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی شوێنی دەستگێڕ و چایخانەكانی شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی لەلایەن بەرپرسانە و بەكرێدانی بە كاسبكاران وتی: شتی وانییە و نەمان بیستووە.

پرسی داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتی بە دۆنم لەلایەن بەرپرسانەوە، پرسێكی گەرمە و بەوتەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەرپرس هەبووە دەیان هەزار مەتر زەوی داگیركردووە و فرۆشتویەتی.

س.س